فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای داعش كوژرا

فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای داعش كوژرا
فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا، فه‌رمانده‌یه‌كی داعشیان له‌ باشوری به‌غدا كوشتووه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگی عێراق، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردووه‌ و ڕایانگه‌یاندووه‌، ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ له‌ باشوری شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی داعش، له‌لایه‌ن فیرقه‌ی 17 ی پیاده‌ی سوپای عێراقه‌وه‌ كوژراوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ كوشتنی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی داعش كه‌ وه‌ك(فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی) ناویهاتووه‌، له‌وكاته‌ی له‌ ناوچه‌ی (العبید) ی باشوری شاری به‌غدا سه‌رقاڵی دانانه‌وه‌ی بۆمب بووه،كه‌وتووه‌ته‌ بۆسه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ فیرقه‌ی 17 ی پیاده‌ی سوپای عێراقه‌وه‌ و كوشتوویانه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا باس له‌وه‌شكراوه‌، كه ‌فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا ناو به‌ ناو ئه‌و فه‌رمانده‌ و چه‌كدارانه‌ی داعش ده‌كوژن،كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی به‌غدا هه‌وڵی دانانه‌وه‌ی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نی ده‌ده‌ن‌.




K24
Top