جەواد زەریف سەردانی فەرەنسا و هۆڵەندا دەکات
جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی تاووتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتیش دوای تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی پێنج کۆیەک، بڕیارە ئەم هەفتەیە سەردانی فەرەنسا و هۆڵەندا بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ،لە راگەێندراوێکیدا ئاشکرایکردووە، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە سەردانی هەریەکە لە پاریس و ئەمستەردام بکات.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامانجی سەرەکی زەریف لە سەردانەکەیدا بۆ ئەو دوو وڵاتە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیانە، بەتایبەتیش دوای تێپەڕینی نزیکەی ساڵێک بە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان تاران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەوروپا لە کاتێکدایە کە نێوبراو لە چەند مانگی رابردوودا دوو جارێکی دیکە سەردانی ئەوروپای کردووە و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کۆبووەتەوە. ئامانجی سەرەکیشی لە سەردانەکانیدا فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و یەکێتی ئەوروپا بووە.
