بكوژی پۆلیسە فەرەنسیەكە: یۆرۆی 2016 دەكەینە گۆڕستان
شەوی رابردوو، هاوڵاتیەك بەناوی عەبدوڵڵا عرۆسی هێرشیكردە سەر ئەفسەرێكی پۆلیس لەشارۆچكەی "ماگنینفێڵ"ی فەڕەنساو كوشتی، دواتر چووە ماڵەی ئەو ئەفسەرەوەو ژنەكەیشی كوشت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، بكوژەكە ئێوارەی دووشەممە، كاتژمێر 8:52 خولەك بەكاتی شارۆچكەی "ماگنینفێڵ"ی فەڕەنسا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك، دیمەنی راستەوخۆی ناو ماڵی ئەفسەرە كوژراوەكەی پەخشكردووە.
ماوەی پەخشە راستەوخۆكە 13 خولەك بووە و تیایدا عەبدوڵڵا عرۆسی كوژرانی ئەفسەرێكی پۆلیس و خێزانەكەی راگەیاندووە.
عەبدوڵڵا بەر لە گەیشتنی ئەفسەرە 42 ساڵە فەڕەنسییەكە بە ماڵەوە و چوونەژوورەوە، چەند جارێك بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەریو پاشان هاوسەرە 36 ساڵانەكەشی، كە كارمەندی پۆلیس بووە لەناوماڵی ئەفسەرەكەدا كوشتووە.
لەسەرەتای گرتە ڤیدیۆییەكەدا، عەبدوڵڵا لایەنگریو بەیعەتی خۆی بۆ ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش راگەیاند، دواتر داوای لەتەواوی مسوڵمان كردووە هێرشبكەنە سەر پۆلیس، رۆژنامەنوس، راپەر، كەسایەتیی گشتی، پاسەوانانی گرتوخانەكان.
هەروەها لیستێك ناوی كەسایەتییە ناسراوەكانی جیهانو فەڕەنسای خوێندووەتەوە، دوای كوشتنیشی لیستەكە دەست لێكۆڵەران كەوتووە.
هەر لە گرتە ڤیدیۆكەدا، عەبدوڵڵا عرۆسی ئاماژەی كردووە بەوەی كە پاڵەواێنێتیی یۆرۆی ساڵی 2016 دەكەنە گۆڕستان.
ئۆڵمپیادی یۆرۆی 2016 10ی ئەم مانگە لەفەرەنسا دەستپێكردو تاوەكو 10ی مانگی داهاتووی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
لەكاتی پەخشكردنی ڤیدیۆكەدا، منداڵی پۆلیسە فەرەنسییەكە دەردەكەوێت كە دانیشتووە لە تەنیشت بكوژەكەوە، عەبدوڵڵا عرۆسی بە تەماشاكەرانی دەڵێت "نازانم چی لەو منداڵە بكەم".
عەبدوڵڵا عرۆسی، داوای لە 160 شوێنكەوتووەكەی فەیسبوكی كردووە بەتایبەت هاوڕێكانی سەر بە رێكخراوی داعش، كە بەیاننامەیەك لەبارەی هێرشەكەیەوە بڵاوبكەنەوە.
دواتر وتەكانی جێبەجێكران و ئاژانسی " ئەعماق"ی نزیك لەداعش، بەرپرسیارێتی ئەو رێكخراوەی لەكوژرانی پۆلیسە فەرەنسییەكەو ژنەكەی لەنزیك پاریس راگەیاند.
كوشتنی ئەو پۆلیسە فەرەنسیەو خێزانەكەی، دوای رووداوەكەی ئۆرلاندۆ هات كە هێرشكرایە سەر یانەیەكی شەوانەی هاوڕەگەزبازەكانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكاو بەهۆیەوە، 49 كەس كوژران و 53 كەسی دیكەش بریندار بوون.
