ئەمریكا هۆشداریی دەداتە هاوڵاتییانی لە سەردانكردنیان بۆ ئەوروپا
بەپێی بەیاننامەیەك، كە ئەمڕۆ لەماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە، هۆشداری دراوەتە هاوڵاتیانی ئەمریكیو تیایدا ئاماژە بەوەكراوە لەهاوینی ئەمساڵدا ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری بیانی لەتەواوی جیهانەوە بە مەبەستی ئامادەبوون لەیارییەكانی ئۆڵۆمپیادی یۆرۆی 2016ی فەڕەنسادا سەردانی ئەوروپا دەكەنو كۆبوونەی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك مەترسیی هێرشی تیرۆرستانو گروپە توندڕەوەكان زیاد دەكات.
بڕیارە یۆرۆی 2016 ماوەی مانگێك بخایەنێتو لە 10ی حوزەیراندا دەستپێبكات.
پێشبینی دەكرێت لەماوەی بەرێوەچوونی یۆرۆدا، زیاد لەملیۆنێك هاندەری بیانیی لەسەرتاسەری جیهانەوە بەمەبەستی ئامادەبوون لە یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵدا روو لە فەڕەنسا بكەن.
لەهۆشدارییەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا، هاوكات لەگەڵ یۆرۆی 2016دا، هۆشداریش دراوە لەبارەی پێشبڕكێی پاسكیلسواریی ساڵانەی فەڕەنساو رۆژی جیهانیی گەنجانی كڵێسای كاسۆلیكی لە پۆڵەندا.
شوێنە گەشتیارییەكان، رێستۆرانت، سەنتەری بازرگانی و وێستگەكانی گواستنەوە زۆرترین مەترسیی هێرشی تیرۆرستانو گروپە توندڕەوەكانیان لەسەر دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەچەند خاڵێكیشدا رێنمایی دەداتە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی كە لەكاتی چوونیان بۆ ئەوروپا لەشوێنی قەرەباڵخ دوور بكەونەوەو رێنماییە ئەمنییەكان بەوردی جێبەجێ بكەنو ئامادەبن بۆ هەررێكارێكی ئەمنیی بەپەلەو پلانی پێشوەختەیان هەبێت لەئەگەری رودانی هەر روداوێكدا بۆ یەكگرتنەوە لەگەڵ خێزانەكانیان.
