شەڕڤانان 9 گوندیان لەرەققە ئازادكرد
ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی كوردو بەشێك لەپێكهاتە نەتەوەییو ئاینیەكانی تری رۆژئاوای كوردستانو سوریا، لەهەفتەی رابردووەوە بەهاوكاری بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە، بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی باكوری رەققە.
بەپێی ئاژانسی هاوارنیوز –نزیك لەیەپەگە-، هێزەكانی سوریا دیموكراتو یەپەگە لەمیحوەری رۆژهەڵاتی چەمی فورات 10 كیلۆمەتریان لەژێر دەستی داعش دەرهێناوە.
لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا، شەڕڤانان 9 گوندیان ئازادكردووەو لەنێویاندا رمێلێ، حاجی عەلی، ئەبو سەفا، جنف ئەلئەحمەر، خشخاش كەبیر، نەقوت بئر ئەلئەعمەو خربت جەمیل لەگەڵ سێ كێڵگە.
هەر لەو شەڕەدا، 15 چەكداری داعش كوژراونو تەرمەكانیان كەوتووە دەستی شەڕڤانان. وەكو ئاژانسەكە ئاماژەی پێكردووە.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی باكوری رەققە، ماوەیەك لەمەوبەر ئامادەكاری بۆ كراوە بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیو راوێژكارانی ئەمریكا، ئەوەش لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكان شەڕی ئازادكردنی تەواوی پارێزگاكە لەدەستی داعش.
پارێزگای رەققە لەسوریا، لەساڵی 2013 لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراو ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی كرد، بەپایتەختی ئەو گروپە دادەنرێت.
