بەتۆمەتی تیرۆر 4 کەس لە بەلجیکا دەستگیرکران
داواکاری گشتی بەلجیکا رۆژی چوارشەممە 25-5-2016 لە راگەیێندراوێکیدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی 4 کەسی بە تۆمەتی تیرۆر لە ناوچەی تێرنات لە شاری ئەنتوێرپ دەستگیرکردووە.
داواکاری گشتی بەلجیکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە بەپێی لێکۆڵینەوەکان گوماندەکرێت ئەو چوارکەسە، پلانی ئەنجامدانی تەقینەوەیان لە بەلجیکا هەبووبێت.
هەروەها گوماندەکرێت ئەو چوارکەسە پەیوەندیان بە رێکخراوی داعشەوە هەبێت و لە بەلجیکا کاریان هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ئەو وڵاتە بووبێت بۆ ناردنیان بۆ نێو ئەو رێکخراوە.
هاوکات، تا ئێستا دیارنییە ئەو چوار کەسەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا دەستگیرکراون، پەیوەندیان بە تەقینەوەکانی برۆکسلی پایتەختی ئەو وڵاتەوە هەیە یان نا.
رۆژی سێشەممە 22-3-2016، سێ تەقینەوە لە برۆکسلی پایتەخی بەلجیکا روویاندا و بە دەیان کەس کوژران و برینداربوون. دوو تەقینەوەی یەکەم لەنزیک نووسینگەی هێڵی ئاسمانی ئەمریکا لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی زاڤێنتیم روویاندا.
کاژێرێک دوای دوو تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی زاڤێنتیم، هەر لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا لە وێستگەی میترۆی مالبێک تەقینەوەیەکی دیکە روویدا، مالبێک چەند مەترێک دوورە لە کۆمەڵە شوێنی کۆبوونەوەکانی یەکێتی ئەورووپا.
