لاڤرۆڤ و كێری دەبنە سایكس پیكۆی دووەم

لاڤرۆڤ و كێری دەبنە سایكس پیكۆی دووەم
عەبدولباری عەتوان نووسەر و رۆژنامەنووسی عەرەب لە وتارێكیدا كە لە ڕۆژنامەی (ئەلرەئی ئەلیەوم)ی عەرەبی بەنێوی (ئایا كورد دەبنە ئەسپی تەروادەی ئەمەریكا) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە ڕێكەوتنامەیەكی نوێی سایكس پیكۆ لەسەر دەستی سێرگی لاڤرۆڤ و جۆن كێری بەڕێوەیە، كە لە سایەیدا سنوورەكان دەكێشرێنەوە و دەوڵەتی كوردی دروست دەبێ.

ئەو نووسەرە دیارەی عەرەب لە سەرەتای وتارەكەیدا دەپرسێ ئایا هێزە كوردییەكان دەبنە ئەسپی تەروادەی ئەمەریكا بۆ ڕزگاركردنەوەی هەردوو شاری رقە و موسڵ؟ ئەدی لە بەرانبەردا چییان دەست دەكەوێ؟ ئایا بەڕاستی كۆتایی دەوڵەتی داعش نزیك بووەتەوە؟ ئەدی چۆن گەورەترین جەنەراڵی ئەمەریكا خۆی خزاندووەتە نێو خاكی سوریا بۆ ئەوەی رۆڵەكان دابەش بكات، بەبێ ئەوەی كەس ڕێگری بێت؟

عەتوان لە بەشی دووەمی وتارەكەیدا ئاماژەی بەوە داوە كە لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوودا لە بەیروت وەزیرێكی پێشووی كوردستانی دیتووە و پێی گوتووە وا هەست دەكەم ئەمەریكا ئێوەی كورد وەك ئەسپی تەروادە بەكاردێنێ بۆ گرتنەوەی موسڵ، بەڵام سیاسەتمەدارە كوردەكە پێی گوتووە تۆ بەهەڵەدا چووی، كورد نابنە داردەستی ئەمەریكا بۆ شەڕی عەرەب و خۆ نغرۆكردن لە دەریایەكی خوێن كە دەیان ساڵی تۆڵەسەندنەوەی بەدوادا بێت.

هەروەها دەڵێ دوای شەش مانگ لەو گفتوگۆیەم، ئێستە جەنەراڵ جۆی فۆتیل بەسەردانێكی نهێنی دەگاتە كۆبانێ. لەوێ چاوی بەهێزە تایبەتییەكانی ئەمەریكا دەكەوێ كە ژمارەیان 250 سەربازە. هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی هێزە دیموكراتییەكانی سوریا كۆدەبێتەوە، كە سەر بەساڵح موسلیم ڕێبەری پەیەدەن.

درێژەی دەداتێ و دەڵێ هەروەها جەنەرال بێرت ماكفۆرك نێردەی باراك ئۆباما لەنێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش سەردانی كۆبانێی كردووە، لەگەڵ ساڵح موسلیم كۆبووەتەوە. هەموو ئەو جوڵە سیاسییانەی نێوان ئەمەریكا و كورد و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە چوارچێوەی ئامادەكاری شەڕێكی هاوكات دێت، یەكیان لە دژی داعش لە موسڵ و ئەوی تر لە رەقە.

پلانی نوێی ئەمەریكا ئەوەیە كە پێشمەرگە لەگەڵ هێزی تایبەتی ئەمەریكی لەگەڵ چەند هێزێكی عێراقی بەرەو موسڵ هێرش بكەن. هێزە كوردییەكانی سوریاش كە ژمارەیان لە 50 هەزار پێشمەرگە زیاترە، بەرەو رەقە هێرش دەكەن.

عەتوان دەڵێ بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لەبەرچاون، لە ناندینە نوێیەكەی ئەمەریكادا چێشتێك ئامادە كراوە، كە دەبێتە سەرەتای دەركەوتنی شێوەی پەیمانامەی سایكس پیكۆی دووەم لە كێشانەوەی نەخشەی سنوورەكانی ناوچەكە، هێڵە ئەستوورەكانی ئەو سنوورەش لەلایەن سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكێشرێن.

نووسەرە عەرەبەكە دەڵێ دەوڵەتی داعش لە رەمەزانی 2014دا دەستی بەسەر موسڵدا گرت، ئایا لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا شكست دێنێ و شارەكەی پێ چۆڵ دەكرێ؟ گومانی زۆر هەن، بەڵام ئەوەش دەزانین كە ئەو شەڕە ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێ. دەشڵێ رەنگە دەوڵەتی داعش چیتر فرەوانی بەخۆیەوە نەبینێ لە سوریا و عێراق، بەڵام لەوەش ناچێ وا زوو ئاڵاكانیان دابگیرێ.

لە كۆتاییشدا 3 پرسیار دەخاتەڕوو: لە یەكەمیان دەڵێ چۆن جەنەراڵێكی ئەمەریكی وەك فۆتیل لەو ئاستە باڵایەدا دەگاتە سوریا بەبێ ئەوەی پرس بە كەس بكات؟ چۆن جەنەراڵە روسەكان ئەوە قبووڵ دەكەن؟
دووەم پرسیاری ئەوەیە كە ئایا كوردی عێراق و سوریا بە چ نرخێك دەچنە نێو ئەو شەڕە خوێناوییەوە؟ ئایا دەوڵەتی كوردی بەدوای لەناوچوونی داعشدا دێت؟ ئایا دەوڵەتێكی گشتگیر دەبێ یان بەش بەش؟

پرسیاری سێیەمیشی ئەوەیە داخۆ عەرەب لە كوێن؟ بەتایبەتی قەتەر و سعودیەی هاوپەیمانی ئەمەریكا؟ ئەدی توركیا لە كوێیە؟ ئایا ئەوانیش بەو سیناریۆیە دەزانن و بەشێكن لێی؟ یان ئەوانیش بەتەواوی وەكو (سوپای ئازاد)ی سوریا پشتگوێ خراون؟

بەڵام بەكورتی، لە كۆتاییدا وا دەردەكەوێ هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و رووسیا لە ناوچەكەدا خەریكی داڕشتنەوە و نەخشەكێشانەوەی سەرلەنوێی سوریا و عێراقن، بەبێ ئەوەی حیساب بۆ هیچ هێزێكی ئەو ناوچەیە بكەن. كوردیش لەخۆڕا شەڕی لەناوبردنی داعش لە عێراق و سوریا ناكات.




باسنیوز
Top