ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی لە سوێد

ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی لە سوێد
دوای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک لە میدیاکانی سوێد لەبارەی بوونی هەڕەشەی ئەمنی لەسەر ئەو وڵاتە، باڵیۆزی ئەمریکا لە ستۆکهۆڵم هۆشداری بە خەڵکی وڵاتەکەی لەو وڵاتە دەدات و پێیان رادەگەیێنێت خۆیان لە شوێنی قەرەباڵخ بپارێزن.

باڵیۆزی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە 27-4-2016 لە رێگەی راگەیێندراوێکی نووسراودا هۆشداری بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی داوە، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر ئەو وڵاتە خۆیان لە شوێنە گشتییەکان بپارێزن و لەکاتی بەکارهێنانی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی و هەروەها سەردانیکردنی شوێنە ئاینییەکان وریای خۆیانبن.

لە راگەیێندراوەکەیدا باڵیۆزی ئەمریکا داواشی لە خەڵکی وڵاتەکەی لە سوێد کردووە، هەمیشە بەئاگاو وریای خۆیان بن کاتێک سەردانی شوێنە قەرەباڵخەکان دەکەن، بەتایبەتیش لە کاتی بەشداریکردنیان لە مەراسیمە ئاینییەکان و هەروەها فێستیڤاڵ و بۆنەو ئاهەنگەکاندا.

هۆشدارییەکەی باڵیۆزی ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی لە سوێد لەکاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا، میدیاکانی ئەو وڵاتە بەپشت بەستن بەچەند سەرچاوەیەکی ئەمنی، مەترسی بوونی هەڕەشەی ئەمنیان لەسەر وڵاتەکەیان بڵاوکردەوە.
Top