ململانێی رۆحانی و موحافزكارانی ئێران قووڵتر دەبێتەوە
مشتومڕە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئێران دەبێت هەتا چەندە لەڕووی ئابوورییەوە بكرێتەوە و دەستكەوتەكانی ئەم كرانەوەیە بە چ شێوازێك لە نێوان لایەنەكاندا دابەش بكرێت.
سەركەوتنی باڵی ریفۆرمخواز لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیدا هیوای ئەوەی بە حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئێران بەخشیوە كە بتوانێ پلانی ریفۆرمی ئابووریی حكومەتەكەی جێبەجێ بكات. ئەو پلانە بەشێوەیەكی سەرەكی خۆی لە كرانەوە بەڕووی بازاڕی جیهانی و بە تایبەتی رۆژئاوادا دەبینێتەوە.
بەڵام ئەم كرانەوەیە دەكرێت زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەو گرووپە بگەیەنێت كە لە ماوەی سزا ئابوورییەكاندا گەورەترین سوودیان لە ئابووریی ئێران بینیبوو، یەكێك لەو گرووپانەش سوپای پاسداران بووە. عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامیی ئێران پشتگیری لە سیاسەتێكی ئابووری دەكات كە پێشتر لە كاتی چڕكردنەوەی سزا ئەتۆمییەكاندا پشتگیریی لێكردبوو. ئەمەش دوو ئاماژەی بۆ رووحانی تێدایە:
یەكەم: ریفۆرمخوازەكان وەها بە ئاسانی ناتوانن موحافزەكارەكانی ئێران لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەكان دەربكەن.
دووەم: خامنەیی ئەوەی لە توانایدا بێت دەیكات بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی بپارێزێت.
رووحانی بەبێ جۆرێك لە پشتگیریی خامنەیی دەست لە ئابووریی وڵاتەكەی وەرنادات، بەڵام خامنەییش دەزانێت هەر چەشنە گۆڕانێكی لە پڕ و خێرا لە ئابووریی ئێراندا دەكرێت جێگرەوەیەك بۆ ئەو سیاسەتانە بخاتەڕوو كە ماوەیەكی زۆرە سیاسەتی گشتیی ئێران ئاراستە دەكەن.
دوایین سزا ئەتۆمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا لە دژی ئێران ئابووریی ئەم وڵاتەی داتەپاند، بە جۆرێك رێژەی هەڵاوسان هەتا 40% بەرزبووەوە، هەناردەكردنی نەوتی ئێرانی لە كاتێكدا كەمی كرد كە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو. ئەوەش بەربەستی گەورەی بۆ وەبەرهێنانی بیانی لە ئێران دانا. ژمارەیەكی زۆر لە موحافزكارانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایە بوون كە سیاسەتە پۆپۆلیستییەكانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران، یارمەتیدەری كەرتی پیشەسازی و كەمكردنەوەی قەرزەكانی ئەم كەرتە نەبوو.
دواجار كێشە ئابوورییەكان و هەوڵەكانی ئەحمەدی نەژاد بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی رابەر وای كرد باڵی موحافزكاری ئێران بەسەر دوو جەمسەردا دابەش ببێت، هەر ئەم ناكۆكییەش بووە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2013ی سەرۆكایەتی ئێراندا رووحانی سەربكەوێ. بەڵێنی سەرەكی رووحانی لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا ئەوە بوو پەیوەندییەكانی نێوان تاران و رۆژئاوا چاكبكاتەوە و لەم رێگەیەشەوە هەناسەیەك بەبەر ئابووریی ئێراندا بهێنێتەوە، یەكەم هەنگاویش بۆ بردنە سەری ئەم بەڵێنە، دوو ساڵ دانوستاندن بوو لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا.
ئەركی رووحانی زیاتر لە ئەركی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی، سەرۆكی پێشتری ئێران دەچێت كە لە هەمان كاتدا نزیكترین هاوپەیمان و پاڵپشتی رووحانیشە. پاش جەنگی ئێران و عێراق، ئەركی بوژاندنەوەی ئابووریی ئێران كەوتە سەر شانی رەفسنجانی، ئەویش وەكوو رووحانی بۆ جێبەجێكردنی خەونەكەی خۆی هەوڵی چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ رۆژئاوا و بەتایبەتیش ئەمریكا دا.
رووحانی بەتایبەتی بەنیازە كەرتی نەوت و غازی ئێران لیبراڵ بكاتەوە، واتە وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت بەرزتر بكاتەوە، ئەگەرچی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران وەكوو كۆمپانیایەكی سەر بە كەرتی گشتی دەمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش بە نیازە 130 ملیار دۆلار پارە و وەبەرهێنانی بیانی رابكێشێتە ناو كەرتی نەوت و غاز. هەروەها بەنیازە زۆربەی پیشەسازیی ئێران، لەوانەش پیشەسازیی ئوتۆمبێل بە كەرتی تایبەت بدات، بۆ ئەوەی لەم كەرتەدا ركابەری دروست ببێت. دواجاریش بە نیازە بەشێكی زۆر لە سیاسەتە ئابوورییە پۆپۆلیستییەكانی ئەحمەدی نەژاد رابگرێ، لەوانەش سیاسەتی پشتیوانیی دارایی بۆ هاووڵاتیان.
بەڵام موحافزكارانیش سوود و قازانجی خۆیان لەم سیاسەتە نوێیانەی رووحانی دەوێت. بەشێكی زۆر لە دامەزراوە حكومی و نیمچە حكومییە ئابووری و سەربازییەكانی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی موحافیزكاراندان، لەوانەش دەزگای موستەزعەفان (كە گەورەترین هۆڵدینگ كۆمپانیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و سوپای پاسداران كە دەسەڵاتی تەواوی بەسەر كەرتە سەرەكییەكانی ئابووریی ئێراندا گرتووە وەكوو پیشەسازیی قورس و لۆجیستیك و نەوت.
نەوت دڵی ئابووریی ئێرانە، هەر بۆیە چاوەڕێ دەكرێت شەڕە قورسەكەی رووحانی و موحافزكاران لەسەر نەوت بێت. لە ماوەی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاددا جومگە سەرەكییەكانی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوت رادەستی بەرپرسانی سوپا كرابوون.
رووحانی لەگەڵ وەرگرتنی كورسیی دەسەڵات هەوڵی دا هەموو ئەو كەسانەی سەر بە سوپا لابدات كە لە وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نیشتمانیی نەوت پۆستی بەڕێوەبەرایەتیان پێدرابوو. هەوڵەكانی رووحانی هەتا ئەو شوێنەش رۆیشت كە محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران، داوای لە خامنەیی كرد لە كێشەكانی نێوان سوپا و حكومەتدا نێوبژیوانی بكات.
بەڵام قازانجی سەرەكیی سوپای پاسداران لە كەرتی نەوت لە پشتیوانییە داراییەكانی كۆمپانیای نیشتمانیی نەوتەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵكو لەو گرێبەستانەوە دێت كە ئەم كۆمپانیایە پێشكەشی سوپایان دەكات. گرێبەستە بریقەدارەكانی رووحانی بۆ كۆمپانیا بیانییەكان تەنیا بۆ راكێشانی سەرمایەی بیانی نییە، بەڵكو راكێشانی تەكنۆلۆژیا و شارەزایی بیانی بەشێك لە ئامانجەكەی رووحانی پێكدەهێنن. كۆمپانیاكانی سەر بە سوپا نەك هەر لەڕووی تەكنیكی و شارەزاییەوە پرسیاری گەورەیان لەسەرە، بەڵكو زۆربەی جاران ناتوانن پڕۆژەكە لە وادەی خۆیدا و بە گوژمەی دیاریكراوی خۆی تەواو بكەن.
كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەزانن كاركردن لە كەرتی نەوت و غازی ئێراندا ریسكی گەورەی تێدایە و كاركردن لەگەڵ بەڵێندەرە ئێرانییەكان ئاسان نییە. مەسەلەكەش هەر ئەوە نییە ناشارەزایی بەڵێندەرەكان تێچوونی پرۆژەكان دەباتەسەر، بەڵكو كۆمپانیاكانی سەر بە خاتەم ئەلئەنبیا سزای نێودەوڵەتییان لەسەرە و هەرجۆرە هاوكارییەك لەگەڵ ئەم كۆمپانیایانە دەبێت سنووردار بێت.
بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان دواجار تووشی كۆمپانیاكانی سوپا دەبن، لەبەر ئەوەی ئابووریی نەوتی ئێران بەجۆرێكە كە بۆ پشتیوانی لە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان، هەر كۆمپانیایەكی بیانی ناچارە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكان بكات. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە: پاش چاكسازییەكانی رووحانی، ئاستی ئەم مامەڵەكردنە هەتا كوێ دەبێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە رووحانی هەتا چ ئاستێك دەتوانێت ئابووریی ئێران ئاوەڵا بكات، لە كاتێكدا رووبەڕووی بەربەستی قورسی ناوخۆییش دەبێتەوە.
یەكەم بەربەستی رووحانی بۆ موحافزكاران لەناو بودجەی 2016-2017 دایە، لەكاتێكدا بودجەی سەربازیی ئێران لە 9.88 بۆ 8.99 ملیار دۆلار كەم كراوەتەوە، بودجەی سوپاش بە رێژەی 20% لە 6.1 ملیار دۆلارەوە بۆ 4.8 ملیار كەم كراوەتەوە. بودجەی ئەرتەش نەك هەر كەم نەكراوەتەوە، بگرە بە رێژەی 9% بەرزكراوەتەوە. موحافزكاران كۆمەڵێك ناوەندی وەكوو ئەنجوومەنی پاسەوانانی نیزام و ئیتڵاعاتیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەربەستەكانی رووحانی ببنەوە. ئەنجوومەنی پاسەوانان دەتوانێت یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی ئێران ڤیتۆ بكات. ئەمە جگە لەوەی سیستەمی مووشەكیی ئێرانیش هەر لە ژێر دەسەڵاتی سوپادایە، دوایین تاقیكردنەوەی مووشەكەكان پەیامی سوپا بوو بۆ رووحانی كە ئەگەر سوپا بیەوێت دەتوانێت كێشە بۆ پەیوەندییەكانی ئێران و رۆژئاوا دروست بكات.
ئامانجێكی دیكەی سوپا لەو رووبەڕووبوونەوەیە ئەوەیە نەهێڵێ رووحانی بەڵێنە ئابوورییەكانی خۆی بەرێتە سەر و بەوجۆرەش لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتووی ئێراندا چانسی سەركەوتنی كەم ببێتەوە. سەرچاوەكانی نزیك لە دەسەڵاتی ئێران وا دەردەخەن كاندیدی سوپا بۆ سەرۆكایەتی داهاتووی ئێران عەلی لاریجانی بێت كە تێكەڵاویی خێزانی لەگەڵ خامنەییدا هەیە و برای سادق لاریجانی، بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران و یەكێك لە كاندیدەكانی جێنشینی خامنەییە.
سەرەڕای بەربەستەكان، رووحانی لەسەر چاكسازییەكان بەردەوام دەبێت، خامنەییش كە دیدگا ئابوورییەكەی لە هی سوپاوە نزیكە، متمانەی بە رووحانی داوە پەیوەندییەكانی ئێران و رۆژئاوا بەڕێوەبەرێت. پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا رووحانی دەتوانێت باڵانسێك لە نێوان ئیرادەی ریفۆرمی حكومەتەكەی و ئیرادەی موحافزكاران و سوپادا دروست بكات بۆ جۆرێك نە شیش بسووتێت و نە كەباب، لە كاتێكدا سەرۆك كۆمارە میانڕەوەكانی پێشوو هیچكامیان سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە؟
