ئەمریکا هێزە تایبەتەکانی لە سوریا زیاد دەکات
پلانی زیادکردنی ژمارەی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا لە سوریا لە میانەی نەخشەیەکی نوێی باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەدایە کە سەرقاڵی تاوتوێکردنیەتی بۆ زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و زیادکردنی ژمارەی هێزە تایبەتەکانیش لە سوریا.
بە گوێرەی راپۆرتێکی تایبەتی رۆیتەرز، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕای جیاوازیان لەسەر زیادکردنی ژمارەی هێزە تایبەتەکانی وڵاتەکەیان هەیە بۆ سوریا بەڵام یەكێک لەو بەرپرسانە جەختیلەوەکردووەتەوە کە بەمشێوەیە دەتوانن متمانەی هێزەکانیتری هاوپەیمانی بە هێزەکانی ئەمریکا زیاد بکەن.
ئەو بەرپرسە پێیوایە کە، زیادکردنی ژمارەی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە سوریا بە شێوەی سەرەکی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئەو هێزە تایبەتەی کە ئێستا لە سوریا لە چالاکیدان لە چالاکییەکانیان لە نزیکی شاری رەقەی پایتەختی داعش.
لە لایەکیترەوە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ڕاهێنان بە ژمارەیەک چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردووە.
دوێنێ هەینی، کۆڵۆنێل ستیڤ وارین وتەبێژەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش رایگەیاند: مانگی رابڕدوو راهێنانی دەیان چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستیپێکردووە و ئەو راهێنانە لە ناو تورکیادا بەردەوامە و چەکداران تا ئێستاش لە ناو خولەکانی راهێناندان.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) دەکات، لە چەند مانگی رابردوو پلانی زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق و سوریا ئاشکرا کرد، کە دەیانەوێ بە شێوەیەکی فراوانتر هاوکاری هێزە عێراقییەکان بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ و ناوچەکانیتری ژێر دەسەڵاتی داعش و ساڵی ڕابردووش یەکەیەکی تایبەتی ناردە سوریا و تا ئێستا چەند بەپرسێکی باڵای داعشیان کردۆتە ئامانج.
ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمریکا لە میانەی پرێس کۆنفرانسێکدا کە کوژرانی وەزیری دارایی داعشی ئاشکرا کرد، بە رۆژنامەنوسانی وت: ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا هەموو تاکەکانی داعش دەگرێتەوە لە بەرپرسانەوە تا ئەندامانی ئاسایی.
ئەمریکا لە دوو مانگی ڕابردوودا چەند فەرماندەیەکی باڵای داعشی کوشتووە لەوانەش، عومەر چیچانی وەزیری بەرگری داعش و حاجی ئیمام وەزیری دارایی داعش.
هەفتەی ڕابردووش جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پشتیوانی هێزە عیراقییەکان دەبین لە ئۆپەراسیۆنی گەورەی چاوەڕوانکراوی ئازادکردنەوەی شاری موسڵ کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە.
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا وتیشی: جێبەجێکردنی بڕیاری چۆنیەتی هاوکاری سەربازی ئەمریکا بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزە عیراقییەکان، پاش ئەوە دێت کە ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری چەند پێشنیارێکی خستووەتە بەردەستی باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەمریکا و پێکەوە گفتوگۆی دەکەن.
خەندان
