راوێژكارێكی سه‌رۆكی سوریا: سوپای سوریا سه‌ربه‌خۆیه‌و توانای سه‌ربازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه و پێویست بە سوپای رووسیا ناكات.
ڤلادیمێر پۆتینی سه‌رۆكی روسیا یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو كشانه‌وه‌ی به‌شێكی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سوریا راگه‌یاند.
بوسه‌ینه شه‌عبان راوێژكاری به‌شارئه‌سه‌د له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی مه‌یادین كه باره‌گاكه‌ی له لوبنان-ه ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا له سوریا دوای تاووتوێكردنی ئه‌و هه‌نگاوه دێت له‌گه‌ڵ دیمه‌شق-دا، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه كه ڤلادیمێر پۆتین فشاری خستبێته سه‌ر دیمه‌شق و جه‌ختی له‌وه‌شكردەوه سوپای سوریا سه‌ربه‌خۆیه‌و توانای سه‌ربازی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه.
به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا له‌كاتێكدایه كه مانگی رابردوو روسیا رایگه‌یاندبوو هه‌نگاوه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ هه‌وڵه دیپلۆماته‌كانی مۆسكۆ یه‌كناگرنه‌وه، ئه‌وه‌ش ئه‌و بۆچوونانه‌ی هێنایه ئاراوه كه پۆتین فشاری خستبێته سه‌ر ئه‌سه‌د تا له‌گفتوگۆكانی ئاشتیدا نه‌رمی زیاتر بنوێنێت به‌تایبه‌ت كه‌له‌ئێستادا شاندی دانوستانكاری دیمه‌شق ئاماده نییه گفتوگۆ له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌رۆكایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بكات.
دمیتری بیسكۆڤ وته‌بێژی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكی روسیا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه دوێنێ ئه‌نجامیدا و كه‌ناڵی RT ی نزیك له كرملین بڵاویكرده‌وه له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه ئایا بڕیاره‌كه‌ی پۆتین ئاماژه‌یه به ناڕازیبوونی روسیا له هه‌ڵوێسته‌كانی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا، رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره په‌یوه‌ندی به ئه‌سه‌ده‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به به‌دیهێنانی ئامانجی هێزه‌كانی روسیاوه هه‌بووه له‌و وڵاته‌دا.
وتیشی: "كشانه‌وه‌ی به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی هێزەکانی روسیا له سوریا په‌یوه‌ندی به‌گفتوگۆكانی نێوان ڤلادیمێر پۆتین و سه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بووه، به‌ڵكو پۆتین بۆخۆی ئه‌و بڕیاره‌یداوه".
به‌پێی هه‌واڵێكیش كه ئاژانسی رۆیته‌رز له‌زاری به‌رپرسانی وه‌زاته‌ی به‌رگری رووسیا بڵاویكردۆته‌وه، دوێنێ و ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئه‌و وڵاته له‌جۆری ئه‌لیوشن -76 و سیخۆی -25 ،بنكه‌ی سه‌ربازی حمه‌یمیم- یان له‌سوریا جێهێشتووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه سوریا.
بوسه‌ینه شه‌عبان راوێژكاری به‌شار ئه‌سه‌د له‌به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی روسیا بوونی سه‌ربازی خۆی له سوریا كه‌مكرده‌وه، پێویسته له‌ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هاوكارییه‌كانی بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا كه‌مبكاته‌وه.
شه‌عبان روونیكرده‌وه، له‌ئێستادا تۆپه‌كه له‌گۆڕه‌پانی ئه‌مریكادایه و پێویسته له قۆناغی داهاتوودا واشنتۆن فشار بخاته سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌و ریاز تا چیتر پشتیوانی تیرۆریستان نه‌كه‌ن و چه‌كیان بۆ ره‌وانه نه‌كه‌ن، زۆر ئاسانیش ده‌بێت كه سنووره‌كان به‌ڕووی "چه‌ته‌كاندا" دابخرێن و رێگرییان لێبكرێت.
خه‌ندان
