سەرۆکی ڕووسیا لەسەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە سەرەخۆشی لە حکوومەتی تورکیا ناکات
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین لەسەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە، کە بەهۆیەوە 27 کەس گیانیان لەدەست دا و 75ی دیکەش بریندار بوون، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد.
پوتین ئیدانەی ئەو تەقینەوەیە دەکات و دەڵێت: ”ئەوانەی ئەو کردەوەیان ئەنجام داوە، لە دەرەوەی بەھای مرۆڤایەتین، ئازارەکانی ئێوە ئازاری ئێمەیە و بە ھەموو شێوەیەک خەمەکانتان لەگەڵدا بەش دەکەین“. هاوکات هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خەڵکی تورکیا و کەسوکاری قوربانییان کردووە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە بەیاننامەکەدا بە ھیچ شێوەیەک سەرۆکی ڕووسیا پرسە و سەرەخۆشی لە دەوڵەتی تورکیا یان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی تورکیا نەکراوە، کە بەپێی ئەتەکێتی دیپلۆماسی، سەرکردەکان لەم حاڵەتانەدا سەرەخۆشی لە یەکتر دەکەن.
باسنیوز
