ئۆباما لەسەر توندوتیژی کامپینی هەڵبژاردنەکان هۆشداری دەدات

ئۆباما لەسەر توندوتیژی کامپینی هەڵبژاردنەکان هۆشداری دەدات
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە کۆشکی سپی کە خۆی بەدوو بگرێت لە زیادکردنی توندوتیژیی کامپینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی شەممە ١٢ی ئازاری ٢٠١٦ ڕایگەیاند، نابێت کاندیدەکان پەنا بۆ سوکایەتیپێکردن ببەن و ببنە هۆی نانەوەی پشێوەی و توندوتیژی دژی هاوڵاتیانی تری ئەمریکا.

ئۆباما وتیشی "ئەو کاندیدانەی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا پاڵاوتووە لەبری سوکایەتیکردن و سەرزەنشتکردن یاخود جیاکاری لەنێوان ئاین و کامپینەکاندا، دەبێت تەرکیز بخەنە سەر باشترکردنی بوارەکانی ژیان."

ئەم وتانەی ئۆباما دوای ڕۆژێک هات لە ڕاگرتنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دۆنەڵد ترەمپ و هەوادارانی لە شیکاگۆ، کە بەهۆی توندوتیژییەوە ڕاگیرا.

هاوکات ڕوودانی توندوتیژییەکەش دوای کاتژمێرێک هات پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکە و تەنانەت دوای ڕاگرتنیشی هەر بەردەوام بوو.

دروستبوونی توندوتیژییەکەش دوای ئەوە هات هەفتەی ڕابردوو ترەمپ وتەکانی خۆی لەبارەی پرسی کۆچبەران و ئیسلامەوە دووپاتکردەوە، بە شێوەیەک وتی "بەڵێن دەدەم دیوارێک لەسەر سنووری ئەمریکا و مەکسیک دروستبکەم"، وەک ڕێگرییەک لە هاتنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.


ترەمپ جارێکی تر دژایه‌تی خۆی بۆ ئیسلام ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند "له‌و بڕوایه‌دام ئیسلام ڕقی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه‌."

دواتر هه‌ریه‌که‌ له‌ هیلاری کلینتن و بێرنی سانده‌رز ئیدانه‌ی هه‌ڵوێستی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ترامپیان کرد، سانده‌ر ڕایگه‌یاند "له‌و بڕوایه‌دانیم ئه‌مریکییه‌کان سه‌رۆکێک هه‌ڵبژێرن که‌ جیاکاری ئه‌نجام بدات و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان تۆمه‌تبار بکات."

دوای ڕۆژێک لە توندوتیژییەکان ترەمپ ڕەتی کردەوە کە هەوڵی جیاکاری لەنێوان ئاین و کەمەنەتەوەکاندا دابێت، هەروەها داواشی کرد کە ئەو نەیارانەی بوونە هۆی ڕاگرتنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دەستگیربکرێن و هەوادارنی بێرنی ساندەرزیشی بە نانەوەی پشێوی تۆمەتبار کرد.

دۆنەڵد تره‌مپ تا ئێستا توانیویه‌تی به‌شێكی زۆری ده‌نگی كۆماریه‌كان بۆخۆی کۆبکاتەوە و له‌ كۆی 23 ویلایه‌ت كه‌ تائیستا هه‌ڵبژاردنی تیا ئه‌نجام دراوه‌، له‌ ١٥ویلایه‌ت سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوە و له‌ دیموكراته‌كانیش هیلاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدایه‌ و تائیستا له‌ ١٤ ویلایه‌ت سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.









سەرچاوەكان
Top