ئۆباما سزاكانی سەر ئێرانی بۆ ساڵێكی دیكە درێژكردەوە
ماڵپەڕی BBC بڵاویكردەوە، ئۆباما چوارشەممە، فەرمانی جێبەجێکردنی درێژکردنەوەی "دۆخی نائاسایی" دژ بە ئێرانی دەرکردووە بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران تاقیكردنەوەی دوو مووشەكی دوورهاوێژی راگەیاند لەدوو رۆژی رابردوودا.
دۆخی نائاسایی نیشتمانی دژ بە ئێران لە ساڵی ١٩٩٥ەوە بەمەبەستی زیادکردنی گەمارۆکان دژ بە كەرتی نەوتی ئێران لەلایەن ئەمریكاوە دەرکراوە و تائێستاش درێژەی هەیە.
ئۆباما وتی: "هەندێك لە کردەوە و سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران هێشتا مەترسییەکی بەهێز و نائاساین بۆ ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەکی و ئابووری ئەمریکا بە ئەژمار دێن".
ئاماژەی بەوەشداوە کە لەبەرئەو هۆکارانە بڕیاریداوە کە دۆخی نائاسایی نیشتمانی دژ بە ئێران بەمەبەستی سەپاندنی گەمارۆی دیاریکراو لە چوارچێوەی بەرپەرچدانەوەی "هەڕەشەکانی" ئێران، درێژبکرێنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە دوو نامەی جیادا بۆ کۆنگرێس و سیناتی ئەمریکا، ئاماژەی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ناوەکی لەگەڵ ئێران و لابردنی گەمارۆكان دژ بە تاران کردووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە گەمارۆکانی جیا لە گەمارۆ ناوەکییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دژ بەبەرنامەی ناوەکی ئێران لە رێککەوتی ١٦ی کانونی دووەمی ٢٠١٦ و دوای راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی کە باسی لەپابەندبوونی ئێران سەبارەت بە بەڵێنەکانی کردبوو، هەڵگیرا.
درێژكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئۆباماوە، دوای تاقیكردنەوەی دوو مووشەكی دوورهاوێژ دێت لەلایەن ئێرانەوە كە بەشێوەیەك دروستكراون بگەنە ئیسرائیل.
مووشەكەكان مەودای 1400 کیلۆمەتر دەبڕن و لەسەریان نووسراوە "دەبێت ئیسرائیل لەسەر لاپەڕەی ڕۆژگار بسڕێتەوە".
لای خۆشیەوە، حسێن جابری ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پڕۆگرامی مووشەكی ئێران و تاقیكردنەوەی ئەو مووشەكانە لەچەند رۆژی رابردوودا لەكاتی نمایشی سەربازیدا دژی ئەو بەڵێنانە نین كە وڵاتەكەی لەچوارچێوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ رۆژئاوا داویەتی.
ئەوە لەكاتێكدایە بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، هەریەک لە ئەمریکا و فەرەنسا پێیانوایە کە تاقیکردنەوەی مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران دژی بەندی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
خەندان
