ئۆجەلان: بۆچی پەکەکە لوولە گازەکەی نێوان تورکیا و ئێران ناتەقێنێتەوە!
(عوسمان ئۆجەلان) سیاسەتمەداری كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تەقاندنەوەی لوولەنەوتی هەرێم، پێش هەموو شتێك هەنگاوێكی خراپە و لە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەموومان دەزانین حكوومەتی ناوەندی و گەلێك لایەنی دیكە هەوڵ دەدەن حكوومەتی هەرێم لاواز بكەن، بۆ ئەوەی سەركردایەتیی كورد نەتوانێت هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی كوردستان بنێت، دوای 100 ساڵ ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ نەما، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ڕێككەوتنێكی نوێ هەیە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دادەڕژێتەوە، لەو نەخشە نوێیەدا كورد بە مافەكانی خۆی دەگات و دەبێتە دەوڵەت، لە هەرێمی كوردستاندا هەڵێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە، ڕەوش لەبارە و جیهان ئامادەیە سەربەخۆیی كوردستان قەبووڵ بكات، ئێستا هەرێمی كوردستان لە چەند لاوە زۆری بۆ هاتووە؛ زۆر هێز هەن هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی كورد هەنگاو بەرەو ڕیفراندۆم نەنێت؛ ئەوەتا حكوومەتی عێراق دوو ساڵە قووتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە؛ لەو لایشەوە شەڕی داعش هەیە، كە بە زۆری بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپێنراوە."
(ئۆجەلان) ئەوەشی گوت: "لە ڕەوشێكی ئاوهاییدا كە هێزێك بیەوێت، هەرێمی كوردستان لاواز بكات، لە دژی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردە، بە تایبەتی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، پەكەكە بە كارە خراپەكانی خۆی نەك زیانی ماددی، بەڵكو لە ڕووی مەعنەوی و سیاسییشەوە زیانێكی زۆر لە گەلی كورد و هەرێمی كوردستان دەدات، ئەگەر توركیا سوود لەو نەوتە وەربگرێت، هەرێمی كوردستان دوو بەرانبەر سوود وەردەگرێت، چونكە ئەمڕۆ سەرچاوەی داراییی هەرێمی كوردستان نەوتە؛ پەكەكە بۆ لوولەگازەكانی نێوان ئێران و توركیا ناتەقێنێتەوە، ئەگەر خەمی نەتەوەیییانە، تەنیا ناحەزان و نەیارانی كورد قازانج لەم كردەوەیە دەكەن، تەقاندنەوەی لوولەنەوتی هەرێم، هەنگاوێكی دژ بە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەی كوردە، زیانگەیاندنە بە خەڵكی هەرێم؛ هەرێمی كوردستان بە سنوورەكانی خۆی بە دەیان ساڵە خزمەتی پەكەكە دەكات، بۆیە ئەگەر هەموو هێزەكانی دیكە دژایەتی هەرێمی كوردستان بكەن، نابێت پەكەكە ئەوە بكات، بەڵام بە داخەوە ئەو هەنگاوانەی پەكەكە دەنێت و ئەو لێدوانانەی دەدات، دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێكی كوردستانە، بۆ ئەوەیش پێویستە هەموو تاكێكی كورد، لە دژی كردەوە چەپەڵەكانی پەكەكە بوەستنەوە و ڕێگە نەدەن جارێكی دیكە كارێكی لەو شێوەیە دووبارە بكاتەوە، چونكە ئەو كارە خراپانەی پەكەكە خزمەتی دژمننەكانی گەلی كورد دەكات."
