حزبوڵڵا گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرچوو

 حزبوڵڵا گەورەترین بازرگانی مادەی هۆشبەر دەرچوو
یەكەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئەمەریكا و ئەورووپا رایانگەیاند كە پلانی سپیكردنەوەی پارە و بازرگانی مادەی ‌هۆشبەریان لەلایەن حزبوڵڵاوە ئاشكرا كردووە.



یەكەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئەمریكا لە روونكردنەوەیەكیدا لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانیدا ئاشكرای كردووە كە حزبوڵڵای لوبنان بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەكات و ئەو پارەیەشی لەوێوە دەستی دەكەوێت سپی دەكاتەوە و بەمەش چالاكی تاوانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات.


ئەو پارەیەی كە سپی دەكرێتەوە لە لایەن حزبوڵڵاوە بەكاردەهێنرێ بۆ چالاكییەكانیان لە سووریا و كڕینی چەك. لەو لێكۆڵینەوەیەدا كە ئەنجام دراوە، نوێنەری ئاسایشی نێودەوڵەتی حەفت وڵات بەشدار بوون تێیدا.



لە چوارچێوەی هەوڵەكانی پڕۆژەی كاساندرا، حزبوڵڵا بە بەرپرسی بازرگانیكردن بە كۆكایین دادەنرێت بە ریژەیەكی بەرچاو لە ئەمریكا و ئەورووپا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.



ئەو هێزە ئەمنیانە ئاماژە بەوە دەكەن كە یەكەكانی كاروباری بازرگانی و دەزگای ئاسایشی دەرەكی حزبوڵڵای لوبنانی بەو كارە هەڵدەستن كە لە ساڵی ٢٠٠٨دا لەسەر دەستی بەرپرسێكی باڵای حزبوڵڵا بەناوی عیماد موغنیەوە دامەزراوە و ئێستا لەلایەن عەبدوڵڵا سەیفەدین و ئەدهەم تاباجە كە ئەمریكا و هێزە نێودەوڵەتییەكان بە تیرۆریست ناویان نەبردووە، بەڕێوەدەبرێت.



ئەم هەفتەیە بەرپرسێكی باڵای ئەورووپای شانەی یەكەكانی كاروباری بازرگانی و دەزگای ئاسایشی دەرەكی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئەورووپا دەستگیر كرا كە لە رێگەی كۆمپانیای تریەد پۆینت ئینتەرناشنال-ەوە حزبوڵڵا پارەی لێوە دەگواستەوە و راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەدا دروست كردووە كە لە عێراق و لوبنان كاری بازرگانی و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. هاوكات تیرۆریست محەمەد نورەدین بە سپی كەرەوەی پارەی رەشی لوبنانی ناسراوە.



یەكەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئەمریكا و بەرپرسانی ئەورووپا لە مانگی شوباتدا ئۆپەراسیۆنێكیان دەست پێ كردووە بۆ سەر ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێت لەلایەن ئەو تۆڕەوە.





باسنیوز
Top