یورۆپۆل: 10هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ر ون بوونه‌

یورۆپۆل: 10هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ر ون بوونه‌
به‌ پێى راپۆرتێكى پۆلیسى ئه‌ورووپا ناسراو به‌ یورۆپۆل، زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار منداڵی په‌نابه‌ر كه‌ كه‌سیان له‌گه‌ڵدا نه‌بووه‌ له‌ ئه‌وروپا ونبوونه‌ . له‌و باره‌یه‌وه‌ بره‌ین دۆناڵد، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی راگه‌یاندنی یۆرۆپۆل رایگه‌یاند ئه‌و منداڵانه‌ دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وروپا ناوی خۆیان تۆمار كردووه‌، به‌ڵام دواتر له‌ سیسته‌مدا ون بوون و ئێستا به‌دوای زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار منداڵدا ده‌گه‌ڕێن، كه‌ ته‌نیا له‌ ئیتاڵیا پێنج هه‌زار منداڵ ون بوون .

به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی راگه‌یاندنی یورۆپۆل راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌موو منداڵه‌كان له‌لایه‌ن بازرگانانی تۆمه‌تباره‌وه‌ به‌كارنایه‌ن، به‌ڵكو له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێكیان گه‌یه‌ندرابنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یان، یان ئه‌وه‌تا ئێمه‌ نازانین ئه‌وان له‌ كوێن و له‌گه‌ڵ كێدان. هه‌روه‌ها یۆرۆپۆل به‌ڵگه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌ له‌سه‌ر بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی دێنه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا و، ئه‌وانه‌ش كه‌ بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ندێك له‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و جۆره‌ گرووپانه‌ به‌كارده‌هێندرێن و بازرگانی سێكسی و كۆیلایه‌تییان پێده‌كرێت .
Top