نێردەی ئۆباما: کۆبوونەوەی بەرپرسانی ھەولێر و بەغدا ئیجابییە
بەپێی راگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، (برێت مەکگۆرک)، نێردراوی ئۆباما لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لەگەڵ ”نێچیرڤان بارزانی“، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و پابەندیی وڵاتەکەی بە ئارامی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە نیشانداوە، کە بەم دواییانە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگارکراونەتەوە، وێڕای پێشکەشکردنی ھاوکاریی مرۆیی بۆ ئاوارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.
بارودۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و عێراق یەکێکی دیکە بووە لە تەوەرەکانی گفتگۆکانی برێت مەکگۆرگ و سەرۆکی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق، وێڕای باسکردنی چۆنێتی و شێوازی ھاوکارییەکانی ئەمریکا لەم بارەوە.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە، نێردەی ئۆباما بە گرنگییەوە باسی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدای کردووە و بە ”ئیجابی“ ناوی بردووە و داوای بەردەوام ئەو کۆبوونەوانەی کردووە، جگە لە خۆئامادەکردن بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ، کە لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە لەلایەن داعشەوە داگیرکراوە.
باسنيوز
