دی مستۆرا بەجیا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن کۆدەبێتەوە

 دی مستۆرا بەجیا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن کۆدەبێتەوە
ستافان دی مستۆرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، رۆژی دووشەممە 1/2/2016 بەجیا لەگەڵ هەریەکە لە شاندی حکومەتی سووریا و شاندی ئۆپۆزسیۆن کۆدەبێتەوە، گفتوگۆکان لەوانەیە ماوەی شەش مانگ بخایەنن و، هەریەکە لە سعودیە و تورکیاش رایانگەیاندووە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی سووریا دەکەن.

سەرەتا دی مستۆرا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ شاندی ئۆپۆزیسیۆن، بۆئەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی سووریا بدۆزنەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 31/1/2016 نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کاژێر 10:00 ی رۆژی دووشەممە بەکاتی گرینێچ ( کاژێر 13:00 بەکاتی هەولێر)، دی مستۆرا لەگەڵ شاندی حکومەتی سووریا کۆدەبێتەوە، کە پێشتریش و لە رۆژی هەینی رابردوو لەگەڵیاندا کۆبووەوە.

دی مستۆرا دەیەوێت گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی حکومەتی سووریا و ئۆپۆزیسیۆن دروست بکات، کە لەوانەیە ماوەی چەند مانگێک بخایەنێت و ئەو ماوەیەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی راگواستن و دەبێت لە نیوەی 2017 دا هەڵبژاردن ئەنجام بدات.


ریاز و ئەنقەرە پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رادەگەیەنن

رۆژی یەکشەممە سعودیە و تورکیا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا راگەیاند کە لە گفتوگۆکانی جنێڤ بەشدارن و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی وڵاتەکەیان.

عادل ئەلجوبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەستبووی، رایگەیاند " شانشینی سعودیە و تورکیا بەیەکەوە لە هەموو روویێکەوە هاوکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکەن و یەک هەڵوێستمان هەیە بۆ هاریکاریکردنی سوورییەکان جا لەرێگەی کارکردنی راستەوخۆ بێت، یان بەشداریکردن لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو گرووپی ڤییەنا و ئەو کۆبوونەوانەی لە نیویۆرک کران".

چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند " پاڵپشتی لە داواکان بۆ راگرتنی شەڕ و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی دەکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەکەدا، هەروەها گوتی " رێزمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستەی تورکیا سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و، پاڵپشتی تورکیا دەکەین لەوەی مافی خۆیەتی بەهەرجۆرێک کە پێی گونجاوە بەرگری لە خاکی خۆی بکات".






رووداو
Top