سه‌رۆكی هۆزی حه‌دیدی ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی و پێشمه‌رگه به‌رز ده‌نرخێنێ.. ڕاپۆرته‌كه‌ی ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه
له وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تیدا كه گوایه پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، عاره‌بنشینه‌كانی سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ناوچه عاره‌به‌كانی پارێزگاكانی عێراقی وه‌ده‌ر ناوه و خانووه‌كانیشیان لێ رووخاندوون، سه‌رۆكی هۆزی حه‌دیدی، ده‌ڵێ، زانیارییه‌كانی نێو ڕاپۆرته‌كه هه‌ڵبه‌ستراون، دوورن له راستییه‌وه و ئێمه سه‌ركۆنه‌ی ده‌كه‌ین و ڕه‌تیان ده‌كه‌ینه‌وه.
هۆزی حه‌دیدی كه دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كه‌ونه گونده‌كانی بناری چیای مه‌قلوب تا به به‌نداوی مووسڵ ده‌گا، وه‌ك سه‌رۆكی هۆزه‌كه (شێخ ئه‌حمه‌د مه‌حموود ئه‌لوه‌رشان)، له نامه‌یه‌كیدا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (مه‌سعوود بارزانی) ناردووه، به ته‌واوی پێزانینی خۆی و هۆزه‌كه‌ی له كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كان و داڵده‌دانی ئاواره و په‌نابه‌رانی عاره‌ب نیشان داوه.
ده‌قی نامه‌كه‌ی (شێخ ئه‌حمه‌د مه‌حموود ئه‌لوه‌رشان):
به‌ڕێز فه‌خامه‌تی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
به ناوی خۆم و هۆزه‌كه‌مه‌وه، داواكارین فه‌خامه‌تتان هه‌رده‌م پایه‌دار و سه‌ركه‌وتوو بن له ڕابه‌رایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان و گه‌له تێكۆشه‌ره‌كه‌یدا. ئێمه وه‌ك باوك و سه‌رپه‌رشتیار و داڵداده‌ر و سه‌ركرده‌یه‌ك كه كردار و گوفتاری یه‌كن له ئێوه ده‌ڕوانین، مێژوویش گه‌واهیده‌ری ڕۆڵی قاره‌مان و شه‌ره‌فمه‌ندانه و بیری ڕووناكی ئێوه‌یه، ئه‌و ڕۆڵه باشه‌ی كه له له‌باوه‌شگرتنی ژماره‌یه‌كی گه‌وره له ئاواره و په‌نابه‌رانی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان، به تایبه‌ت پارێزگای نه‌ینه‌وا و پێكهاته‌كانی، به پیتی دره‌وشاوه ده‌نووسرێته‌وه. ئێمه ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ ئه‌و ڕۆڵه جوامێرانه‌یه‌ی ئێوه هه‌یه، به پێویستی ده‌زانین بۆ حیكمه‌ت و ژیریی جه‌نابتان كه مێژووتان ناچار به نووسینه‌وه‌ی ئه‌و خاسیه‌ته باشانه كردووه، ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه بده‌ین.
سه‌رۆكی سه‌روه‌ر:
هه‌ڵبه‌ت هۆزه‌كه‌م له‌و گوندانه نیشته‌جێ بوون كه ده‌كه‌ونه قووڵاییی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كه له چیای مه‌قلوبه‌وه ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته به‌نداوی مووسڵ؛ هه‌رێمی كوردستانیش پێشتر و ئێستایش په‌ناگا و ناوچه‌یه‌كی ئارام بووه بۆ ئێمه و هۆز و تیره‌كانمان، بۆیه ده‌بێ ئه‌و ڕۆڵه قاره‌مانانه‌یه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان له ئازادكردنی ناوچه‌كانمان، كه به قوربانیدان و به‌خشینی خوێنی خۆیان له به‌ره‌كانی شه‌ڕ، ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌یان به‌سه‌ر هێزی تاریكاییدا تۆمار كردووه و به‌رز دینرخێنین. له په‌روه‌ردگار داواكارین شه‌هیدان بخاته به‌ر دلۆڤانیی خۆی كه له جیاتی هه‌موو جیهان دژ به تیرۆر ده‌جه‌نگێ. ئێمه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌وه‌ی كه، له لایه‌ن ده‌ستگا ئه‌منی و به‌رپرسه‌كانی ناوچه‌كه و ڕێكخستنه‌كانی لقی چوارده‌ی پارتی دیمۆكراتی كوردستانه‌وه هاوكاری و كۆمه‌كی مرۆییمان پێگه‌یشتووه، هه‌ر له خۆراك و ده‌وا و ده‌رمانه‌وه بگره تا ده‌گا به پێداویستییه‌كانی دیكه، هاوكاریێك كه له سه‌ختترین دۆخدا به‌رده‌وام بوون و چاره‌سه‌ری پێویستیش له لایه‌نی ته‌ندروستییه‌وه گه‌یێندراوه‌ته گونده‌كانمان.
پێوه‌ندیی مێژوویی نێوان عاره‌ب و كورد چاره‌نووسسازه و، خۆشه‌ویستی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه پێكه‌وه‌ی به‌ستوونه‌ته‌وه. ده‌بێ ئه‌وه‌یش بڵێین كه هه‌ندێ له گوند و ڕۆڵه‌كانی هۆزه‌كه‌م كه نزیك له هێڵی به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌كانن له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به هۆی هێرش و په‌لاماره‌كانه‌وه زیانبار بوون و بۆ سه‌لامه‌تیی دانیشتوانه‌كه‌ی و به ڕه‌زامه‌ندی و ئاگاداریی خۆیان، بۆ شوێن و گونده نزیك و ئارامه‌كان گوێزتراونه‌ته‌وه؛ هه‌ر بۆیه ئه‌و ده‌نگۆ هه‌ڵبه‌ستراوانه‌ی ئه‌م دواییه كه له لایه‌ن ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ڕاگه‌یێندراون و، پێوه‌سته به گونده عاره‌بنشینه‌كان ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، چونكه جگه له ناشیرنكردنی ڕاستی و واقیع هیچی دیكه‌ی لێ ناخوێندرێته‌وه. ئێمه وێڕای سه‌ركۆنه‌كردن، ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و له راستیدا ده‌بوایه ئه‌و ڕێكخراوانه كه ده‌یانه‌وێ پارێزگاری له مافه‌كانی مرۆڤ بكه‌ن، بچنه میقدادیه و سه‌عدیه له پارێزگای دیاله و ناوچه‌گه‌لی دی، كه كوشتاریان تێدا كراوه و ماڵ‌وحاڵیان سووتێندراوه، مزگه‌وت و ماڵی خوا تێكدراون.
سه‌ركه‌وتوو بن و له پێناو چاكه‌كاری و وڵات‌دا خوا په‌ناتان بدا
شێخ ئه‌حمه‌د مه‌حموود ئه‌لوه‌رشان
سه‌رۆكی هۆزی حه‌دیدی
