رۆحانی گەیشتە رۆما و دەچێتە فەرەنساش
حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی دووشەممە 25-1-2016 گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، بڕیارە سەردانی فەرەنساش بكات.
ئەم سەردانەی رۆحانی یەکەمین سەردانیەتی لەدوای دەستپێکردنی پلانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران.
سەرۆکی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا و فەرەنسا، هەوڵی دروستکردنی پەویەندییەکی ئابووری بەهێز دەدات و بۆ ئەمەش وەزیری نەوتی ئێران یاوەری رۆحانی دەکات.
پێش گشتگیرکردنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی 2012 دا، رۆما و پاریس دوو لە هاوبەشە بازرگانییە گەورەکانی ئێران بوون.
گەمارۆ ئابوورییەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیتاڵیا و ئێرانی ساڵانە لە 7 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بۆ ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار دابەزاند.
رۆحانی هەر لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا دەچێتە ڤاتیکان و لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆدەبێتەوە.
دوای ئیتاڵیا، رۆحانی لە 28ی ئەم مانگە سەردانی پاریس دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
گەورە کۆمپانیاکانی پێژۆ و رێنۆی فەرەنسا تامەزرۆن کۆنترۆڵی بەشێک لە بازاڕەکانی ئۆتۆمبێلی ئێران بەدەستەوە بگرنەوە. رۆحانی لە پاریس دەیەوێ بابەتی کڕینی 114 فڕۆکەی ئەیرباسی فەرەنسیش یەکلایی بکاتەوە.
بڕیاربوو سەرۆككۆماری ئێران لە مانگی نۆڤەمبەردا سەردانی ئەوروپا بکات، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی سەر پاریسەوە، سەردانەکەی دواخست.
رووداو
