مالیزیا شانه‌یه‌كی تیرۆریستی داعش ده‌ستگیر ده‌كات
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له 22ی ئه‌م مانگه‌دا له چوار ویلایه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌ستیپێكردووه و تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بووه، به‌ر له‌وه‌ی سبه‌ینێ دووشه‌ممه مالیزیا میوانداری كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبردنی بیروباوه‌ڕی توندڕه‌ویی بكات.
هێزه‌كانی پۆلیس بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه ده‌ستگیركراوه‌كان فه‌رمانیان له‌سه‌رووی خۆیانه‌وه وه‌رگرتبوو بۆ ئه‌نجامدانی هێرش له مالیزیا، به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی له سوریادان، له‌نێویاندا به‌حرون نه‌عیم كه‌سایه‌تی توندڕه‌وی ئیندۆنیسی كه به‌عه‌قڵی جێبه‌جێكاری هێرشه تیرۆریستییه‌كانی جاكارتا ده‌ژمێردرێت كه له 14ی ئه‌م مانگه روویدا و بووه هۆی كوژرانی 7 كه‌س.
خالید ئه‌بوبه‌كر، پشكنه‌ری گشتی پۆلیسی مالیزیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "هه‌موو ده‌ستگیركراوه‌كان ئه‌ندامی یه‌ك شانه‌ن كه به‌رپرس بوون له نه‌خشه‌دانان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی له ناوچه ستراتیژییه‌كانی مالیزیادا".
