جەعفەری بۆ نێوبژیوانی نێوان ئێران و سعودیە گەیشتە تاران
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەروەی عێراق، د.ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات و کاریش بۆ چارەسەرکرنی تەنگژەکان دەکات لەڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، کە ئیبراهیم جەعفەری زنجیرەیەک پەیوەندی لەگەڵ هاوتا عەرەبی و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی ئەنجامداوە و پێی راگەیاندوون، عێراق پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەدا دەخاتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵی نانەوەی دووبەرەکی لە ناوچەکەدا.
رۆژی سێشەممە 6-1-2015، ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، دکتۆر ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانەکەیەدا لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە کۆدەبێتەوە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن.
ئەو سەردانەی جەعفەری لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران گرژی و ئاڵۆزی تووند بەخۆوە دەبینێ و ریاز سەرجەم پەیوەندییە دییپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندوون.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن، کە سعودیە شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، پیاوی ئایینی شیعەکانی لەسێدارەدا، لە یەكەم كاردانەوەشدا لە ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران و کونسوڵخانەی سعودیە لە شاری مەشهەد و ئاگریان تێبەردان.
رووداو
