رەفسەنجانی: سێ بۆمب لە ئێران پووچەڵ كرانەوە
هاشمی رەفسەنجانی بە ئاژانسەكانی ئێرانی راگەیاندووە "كە چەند رۆژ پێش سێ كەس لە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ئێرانەوە دزەیان كردووەتە ناو وڵاتەوە و بەتەما بوون مەزارگەی ئیمام رەزا لە مەشهەد و ناوەندێكی ئایینی لە قۆم و شوێنی نوێژی هەینی بتەقێننەوە و پێیان گوتوون: "دەبێ بچن لە ئێران ئاخوند و پاسدارەكان بكوژن."
رەفسەنجانی ئاماژەی بەوەش داوە كە داعش دزەی كردووتە ناو لە هەندێ فڕۆكەخانەی وڵاتان و لەو رێگەیەوە دەیهەوێ ئاژاوە و نائەمنی ساز بكات و لە چەند رۆژی رابردوودا كۆمەڵێك كەلوپەل و تەقەیمەنیی لە مووسڵەوە بەرەو شوێنێكی نادیار بردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فارس ئەو كەسانە لە نوێژی هەینیدا لەگەڵ خەڵك بەروڕوو بوون و یەكیان گوتوویە كە من بۆ كوشتنی خەڵك نەهاتووم و ئەم كارە ناكەم و كەسی دووەمیش هیچ كارێكی نەكردووە و كەسی سێیەمیش ویستوویە هەڵێت كە گیراوە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا لێپرسراوانی سیاسی و ئەمنیی ئێران لەبارەی پلان و ئامانجەكانی داعش لەناو خاكی ئێران هۆشدارییان داوە و چەندین راپۆرت لەبارەی دەستگیركردنی تیمی تیرۆریستی لەو وڵاتە بڵاو كراوەتەوە.
لەم بارەوە "محەمەدعەلی جەعفەری" فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران رایگەیاندووە: "داعش دەمێكە هەوڵی نائەمنی لە ئێران دەدات، بەڵام هەتا ئێستە سەركەوتوو نەبووە."
باسنیوز
