نۆ هاووڵاتی قهتهری کە له عێراق رفێنرابوون ئازاد کران
لەو ٢٦ هاووڵاتییە قەتەریەی كە بە مەبەستی راوكردن سەردانی شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننای باشووری عێراقیان كردبوو و رفێندرابوون، نۆیان گەڕانەوە وڵاتەكەیان.
بەپێی ئەو زانیاریاينەی سەرچاوە ئەمنیيەکان بڵاوی دەکەنەوە، باڵیۆزی قەتەر لە كوێت حەمەد بن عەلی ئال حەنزاب لە دەروازەی سنووری عەبدلی نێوان عێراق و كوێت، پێشوازی لەو نۆ هاووڵاتییە كردووە.
لە پێشوازییەكەدا، چەند ئۆتۆمبێلێكی فریاگوزاری و هێلیكۆپتەرێكی فریاگوزاری وەزارەتی نێوخۆی كوێت ئامادە كرابوون.
سەرچاوەكان، هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ناو و چۆنیەتی ئازادكردنی ئەو نۆ هاووڵاتییە نەخستووەتەڕوو.
بەپێی راگەیەنراوی پارێزگای موسەننا كە پێشتر بڵاوی كردبۆوە، راوچییەكانی قەتەری بە رەزامەندی وەزارەتی نێوخۆی عێراق هاتوونەتە نێو خاكی ئەو وڵاتە بەمەبەستی ڕاوکردنی باڵندەی نایابی وەکو باز، دوو شەو لەمەوبەر لەلایەن گرووپێكی چەكداری نەناسراوەوە كە لە ٧٠ ئۆتۆمبێل پێكهاتبوون، لە بیابانی سەماوە رفێنرا بوون.
