رووسیا: دەبێت كورد بەشێك بێت لە گفتوگۆكانی سووریا
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 15-12-2015 جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەیشتە مۆسكۆ و لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسیەكەی و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆككۆماری ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.
دوای كۆبوونەوەكان، ئەلێكسی مێشكۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رووسیا پێیوایە پێویستە پێكهاتەی كوردی سووریا بەشداربن لە گفتوگۆكانی چارەسەری قەیرانی سووریا.
جێگرەكەی سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند "مۆسكۆ پشتگیری بەشداری كۆمەڵێك لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكات، كە نوێنەرایەتی خەڵكی سووریا دەكەن، بەدڵنیاییەوە نابێت كوردەكان لەو پرۆسەیە دەربكرێن".
هاوكات دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ كێری، پوتین رایگەیاند، ئەمریكا پێشنیازی نوێی لەبارەی سووریا پێشكەشكردووە و، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەشی لە وردەكاری پێشنیازە نوێیەكان ئاگاداری كردووەتەوە.
لای خۆیەوە، جۆن كێری كۆبوونەوەكانی بە ئەرێنی ناوبرد و رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی ئۆباما و پوتین لە نیویۆرك و پاریس وزەی زیاتری بە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات بەخشیوە بۆ هەنگاونانی خێراتر بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و ئۆكراینا.
بەپێچەوانەی كێری، لەبارەی كۆبوونەوەكانی وەفدی ئەمریكا و رووسیا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، جیاوازی گەورە و جدی لەنێوان ئەمریكا و رووسیا ماوەتەوە لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێك لەبارەی سووریا.
ئەو سەردانەی جۆن كێری بۆ مۆسكۆ لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی هەینی 18-12-2015 لە نیویۆرك خولی سێیەمی دانووستاندنەكانی سووریا بەڕێوەبچێت و رووسیاش بەشداری تێدا دەكات.
رووداو
