واشنتن پێشوازی له هاوپه‌یمانێتییە ئیسلامییە سەربازیەکە دەکات
جۆش ئێرنست، له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی رۆژانەی له كۆشكی سپی رایگه‌یاند "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییەی له لایه‌ن سعودیه راگه‌ندرا تایبه‌ت نییه به رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵکو، بۆ ئه‌و گروپه توندڕەوە تیرۆرستیانه‌یه كه هه‌ڕه‌شه‌ن له سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییە".
ئێرنست هەروەها گوتی " سعودیه به‌شدارییه‌كی باشی هه‌بووه له هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش، بەڵام ئه‌و هاوپه‌یمانێتییە نوێیه‌ی ریاز زیاتر جەخت دەخاتە سه‌ر ئامانجه فراوانه‌كان و نابێتە جێگره‌وه بۆ هاوپه‌یمانێتی دژ به داعش كه له لایه‌ن ئه‌مریكاوه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت".
رۆژی سێشەممە 15-ی کانوونی یەکەم سعودیه هاوپه‌یمانێتییەکی راگه‌یاند كه له 34 وڵاتی ئیسلامی پێكدێت به ناوی هاوپه‌یمانی ئیسلامیی سەربازی و، توركیا و هه‌ندێك له وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا له‌خۆده‌گرێت، بەڵام هاوپه‌یمانێتییەکە زیاتر پشتی به وڵاتانی سونەمه‌زهه‌ب به‌ستووه و ئێران و عێراق به‌شێك نین لەم هاوپه‌یمانێتییە ئیسلامییه سەربازیەدا.
له‌راگه‌یەندراوێكدا كه له سه‌ر ماڵپه‌ری فه‌رمی میدیای سعودیه بڵاوكراوه‌ته‌وه، هاتووە "مه‌به‌ست له پێكهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییە ئیسلامییە سەربازیە دژایەتی تیرۆرە به‌هه‌موو جۆرێك و كۆكردنه‌وه‌ی وڵاتانی ئیسلامی له‌م هاوپه‌یمانێتییەدا گرنگه بۆ رێكخستن و هه‌ماهه‌نگی لە رووبه‌ڕووبوو‌نه‌ی تیرۆردا".
سەرەڕای ئه‌وه‌ی كۆشكی سپی وای پیشان ده‌دات، كه ئاگاداری ئه‌م هاوپه‌یمانێتییەی سعودیه بووه، به‌ڵام هه‌ندێك به‌رپرسی ئه‌مریکی ده‌ڵێن "واشنتن ئاگاداری ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ریاز نه‌بووه بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتییەکی به‌رفراوانی 34 وڵاتی".
گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئه‌وه‌ی روونكردەوه، كه ئه‌مریكا هه‌میشه بڕوای واب ووه كه هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌توانن هه‌نگاوی زیاتر بنێن دژ به تیرۆر و وه‌ك ئه‌وه‌ی باسیشكراوه له لایه‌ن سعودیه‌كانه‌وه" ئه‌مه به‌شێكی گرنگه له‌و چالاكییانه بۆ به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر".
سه‌ره‌ڕای پێشوازیكردنی كۆشكی سپی له هاوپه‌یمانێتییە تازه‌كه، به‌ڵام ئه‌ركه‌كانی واشنتن و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر دژوار ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دوو هاوپه‌یمانه دید و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر چۆنییه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر هەیە، کە جیاوازی ئایدۆلۆژی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی مه‌حاڵ ده‌كات.
رووداو
