ئەمریكا كوژرانی دوو سەركردەی داعش و قاعیدەی راگەیاند
جێف دێڤیس، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگريی ئەمریكا "پنتاگۆن" رایگەیاند"بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بۆسەر پێگەكانی هەردوو رێكخراوی داعش و قاعیدە لە لیبیا و سۆماڵ، دوو سەركردەی باڵای رێكخراوەكان كوژراون. لەگەڵ كوژرانی ئەو دوو سەركردەیەش ژمارەیەك چەكداری دیكە كوژراون و چەند پێگەیەكی هەردوو رێكخراوەكەش لەو وڵاتانە وێرانكراون".
گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەروەها گوتی" سەركردە باڵاكەی رێكخراوی داعش بەناوی (ئەبو نەبیل عەرەبی) لە هێرشێكی فڕۆكەیەكی ئێف 16 لە شاری دەرنەی وڵاتی لیبیادا كوژراوە. لەگەڵ كوژرانی سەركردەكەی داعش لە لیبیا ژمارەیەك چەكداری دیكەش كوژراون كە پێدەچێت پاسەوانی ئەبو نەبیل عەرەبی بووبن".
جێف دێڤیس ئاماژەی بەوەشكردووە "فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان چەند پێگەیەكی دیاری رێكخراوی قاعیدەیان لە سۆماڵ بۆردوومانكردووە و هاوشێوەی لیبیا سەركردەیەكی باڵای قاعیدە لە سۆماڵ بەناوی (عەبدولرەحمان ساندیری) كوژراوە كە یەكێك بووە لە سەركردە باڵا و كاریگەرییەكانی قاعیدە لە سۆماڵ".
رووداو
