له‌ ڕه‌ققه‌دا داعشێكی زۆر كوژران

له‌ ڕه‌ققه‌دا داعشێكی زۆر كوژران
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئەمڕۆ یەکشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا چەند گورزێکی بەتینیان لە ڕەققەدا له‌ داعش وەشاند.

ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەیان لە (لەندەن)ـدایە، گوتی هێرشە ئاسمانییەکان لەلایەن فڕۆکە ئەمەریکاییەکانەوە ئەنجامدراون و، نزیکەی (٣٢) داعش کوژراون و، زیاتر لە (٤٠) برینداریشیان هەبووە و، ڕێژەکە لە بەرزبونەوەیشدایە.

ڕوانگەی سووریایی چالاکوانیان لە شارەکانی سووریادا هەیە، (ڕامی عەبدولڕەحمان) بەرپرسی ڕوانگەکە لەو بارەیەوە گوتی، بەپێی زانایری چالاکوانەکانمان نزیکەی (١٥) هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگە و بنکەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵات و، هەروەها باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە ئەنجامدراون. وە لەوانەیە قوربانیەکان زیاتربن چونکە ئەو ڕێژەییەی کوژراو وبریندارانەی داعش تەنها لە یەک نەخۆشخانە وەرگیراون، لەوانەیە بۆ نەخۆشخانەی دیکەیش کوژراو و برینداریان بردبن.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە، هەر ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ڕووسیایش هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە و، بەهۆی ئەوەوە خەڵکی مەدەنیش کوژراون.

هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە (ئەیلول) ی ساڵی (٢٠١٤) ەوە هێرشە ئاسمانیەکانی بۆسەر داعش لە سووریا دەست پێکردوە. بێجگە لە ئەمریکا، هەریەکە لە فەرەنسا و بەریتانیایش ئێستا بەفەرمی لێدانە سەربازییەکانیان لە سووریایش ئەنجامدەدەن، وە هەروەها یاسادانەرانی وڵاتی (ئەڵمان) یش پشتگیری پلانە سەربازییەکەی وڵاتەکەیان کردووە بۆ سووریا.
Top