هەموو شتێک لەبارەی لووتکەی کەشوهەوای پاریس

 هەموو شتێک لەبارەی لووتکەی کەشوهەوای پاریس
لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتنیکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی کاربۆن پێش ساڵی 2020، وڵاتان گفتوگۆدەکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک و یارمەتی وڵاتانی هەژار بدەن و رێگە لە گۆڕانی زیاتری کەشوهەوا بگرن.

کەی و لە کوێ لوتکەکە دەبەسترێت؟

لووتکەی کەشوهەوا لە لو-بۆرجێت، باکووری رۆژهەڵاتی پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەبەسترێت و لە 30 تشرینی دووەم دەستپێدەکات، تاوەکو 11ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.

کێ ئامادەی لووتکەکە دەبێت؟

نوێنەری 195 وڵات بەشداردەبن کە لەنێوان 138 سەرکردەی وڵاتان بەشدارن لەنێویشیان: باراک ئۆباما سەرۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، دەیڤد کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا...

ئایا هیچ جیاوازییەک لە ژیانماندا روودەدات بەهۆی ئەو لووتکەیە؟

بەڵێ، بەڵام نەک بەشێوەیەکی راستەوخۆ، ئەو بڕیارانەی کە خاوەنکار و حکومەتەکان بەهۆی لووتکەکە دەیدەن کاریگەریان لەسەر هەموو ئەو شتانە دەبێت کە رۆژانە بەکاریان دەهێنین هەر لە موەلیدەکانی دەستخستنی وزە تاوەکو ئەو خۆراکەی دەیخۆیت و توانای خانووەکەت لە بەرگەگرتنی لافاو و گۆڕانە کەشوهەواییەکانی داهاتوو.

ئەی پێشتر رێککەوتنی کەشوهەوامان نەبوو؟!

پرۆتۆکۆڵی کیۆتۆ، تاکە پەیماننامەی یاسایی جیهانیی تایبەت بە کەشوهەوایە کە تەنیا وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئوسترالیا و چەند وڵاتێی دیکەی گرتووەتەوە.

هێرشە " تیرۆرستییەکان" چ کاریگەرییەکیان هەبووە؟

دوای ئەوەی چەند هێرشێک لە شەوی 13ی تشرینی دووەم لە پاریس ئەنجامدران، بڕیاربەدەستانی فەرەنسا بڕیاریاندا، کە لووتکەکە هەر ببەسترێت، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە ئامادەکاریی زیاتر بکرێت.

وڵاتان چۆن لەگەڵ یەکدی هەڵدەکەن؟

ئەو دوو وڵاتەی کە بوونەتە هۆی زۆرترین پیسبوونی کەشوهەوا: ئەمریکا و چین لەم لووتکەیە زیاتر وەکو دوو وڵاتی هاوکار دەبینرێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لەگەڵ لووتکەی کەشوهەوای پێشتر کە لە ساڵی 2009 بەسترا و تێیدا چین وەکو وڵاتێکی تێکدەر دەبینرا.

وڵاتان تاوەکو ئێستا لەسەر چی رێککەوتوون؟

زیاتر لە 172 وڵات کە 97%-ی پیسبوونی کەشوهەوا هۆکارەکەی ئەوانە، پەیماننامەیان هەیە و بە نەتەوە یەکگرتووەکانیان داوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەپێی گوتەی شیکەرەوەکان زەوی بە 2.7 تاوەکو 3.3 پلەی سەدی گەرمتر بووە، ئەمەش زۆر زیاترە لەو 2 پلە سەدییەی کە پێشتر راگەیێندرابوو، لەبەر ئەوە زۆربەی وڵاتان دەیانەوێت میکانیزمێک هەبێت تاوەکو لێکۆڵینەوە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بکرێت و هەر پێنج ساڵ جارێک ریڤیویان بکات.












رووداو
Top