گوتەبێژی هاوپەیمانان: داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان
ستیڤ وارن، گوتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە شاری بەغدا ئاماژەی بە هێرشەكانی داعش بۆ سەر شارەكانی بەغدا، بەیروت، ئەنكەرە، سینا و پاریس كرد و، جەختیكردەوە "ئەو هێرشانە راستی ئەوەیان دەرخست، عێراقییەكان ماوەیەكی زۆرە دەیزانن، كە داعش مەترسیی و هەڕەشەیەكی جدیە بۆ سەر هەموو جیهان".
وارن گوتیشی "بە هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە شەڕی داعش، لەسەرجەم بەرەكانی شەڕدا (لە ناوچەكانی سوریا و عێراق".
گوتەكانی وتەبێژی هاوپەیمانان لە كاتێكدایە، بەپێی دواین راگەیەندراوی هێزەكانی هاوپەیمانان لە رۆژی (15ی ترشینی دووەمی 2015) لە سوریا 10 هێرش و لە عێراق 13 هێرش كراونەتە سەر ئامانجەكانی داعش، یەكێك لە هێرشەكانیش بۆ سەر 116 تانكەری نەوت هەڵگری داعش بووە لە نزیك ناوچەی ئەبوكەمال.
رووداو
