ناڕەزایی ئازەرییەكانی ئێران بەرفراوانتر دەبێتەوە
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی "ئۆیان نیوز" لە پێنجەمین رۆژ شەپۆلی ناڕەزایی هاووڵاتیانی توركی ئازەری لە شارە توركنشینەكانی ئێران، دوێنێ هەینی بە سەدان هاووڵاتیی تورك زمان لە شاری قۆم لە گۆڕەپانی ئەو شارە لە بەرانبەر سیاسەتی هەڵاواردن و سووكایەتیی دەنگ و رەنگی ئێران بە نەتەوە و زمانی توركی دەستیان دایە خۆپیشاندان.
بەپێی هەمان سەرچاوە خۆپێشاندەران و هاووڵاتیانی تورك زمانی ناڕازی، بە نووسینی لافیتە و دانی دروشم بە زمانی توركی خوازیاری بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەران و بەڕێوەبرانی بەرنامەی "فتیلە"ی دەنگ و رەنگی تەلەفزیۆنی ئێران بوون.
لە ئەنجامدا هێزە ئەمنییەكانی حكومەت بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران كردووە.
ئەم كۆبوونەوە و خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییانە ماوەی شەش رۆژە دەستی پێكردووە و بەشێكی زۆر لە شارە توركنشینەكانی ئێرانی گرتووەتەوە و دروشمەكان سیاسی بوونەتەوە و هاووڵاتیانی تورك زمان خوازیاری لابردنی هەڵاواردنی سیاسی و نەتەوەیین و باسی جێبەجێكردنی بەندی 15ی یاسای بنەڕەتیی ئێران و ئیزن دان بە خوێندنی زمانی توركین.
لە رۆژانی رابردووشدا لە شارەكانی تەورێز، ورمێ، ئەردەبێڵ، ئەهەر، زەنجان، مەراغە، مشكین شەهر و... لە بەرانبەر سووكایەتیی تەلەفزیۆنی ئێران بە زمان و پێگەی نەتەوەی تورك كۆبوونەوە ناڕەزایی و خۆپیشاندان رێك خرا كە هێزە ئەمنییەكانی ئێران بە دەیان چالاكوانی توركیان دەستبەسەر كرد.
باسنیوز
