ئیسرایل: ته‌قینه‌وه‌كانی بانكۆك كاری ئێرانه
دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ 3 ته‌قینه‌وه له بانكۆكی پایته‌ختی تایله‌ند روویدا، وه‌زیری به‌رگریی ئیسرایل، ئیهود باراك، حكوومه‌تی ئێرانی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی ده‌ستی له‌و ته‌قینه‌وانه‌دا بووه.
به‌پێی راگه‌یاندنی پۆلیسی بانكۆك، دوێنێ سێ ته‌قینه‌وه له یه‌كێك له ناوچه بازرگانییه‌كانی پایته‌ختی تایله‌ند روویداوه كه یه‌كه‌مین ته‌قینه‌وه له ماڵێكدا روویداوه كه 3 هاووڵاتیی ئێرانی به‌كرێیان گرتبوو.
ته‌قینه‌وه‌ی دووهه‌م كاتێك روویداوه كه دوو كه‌س له‌و ماڵه هه‌ڵاتوون و دوای ئه‌وه‌ی ویستوویانه به‌زۆر سواری ته‌كسییه‌ك بن و ته‌كسییه‌كه بۆی رانهگرتوون، بۆمبێكیان بۆ تاكسییه‌كه فڕێ داوه و ته‌قیوه‌ته‌وه. دواتر پۆلیس بۆمبێكی دیكه‌ی له ماڵه‌كه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه و پووچه‌ڵی كردووه‌ته‌وه.
بۆمبی سێهه‌میش دوای ته‌قینه‌وه‌ی دووه‌م بووه و كه‌سی سێهه‌می ئه‌و گرووپه ویستوویه‌تی بۆمبه‌كه به هێزه‌كانی پۆلیسدا بته‌قێنێته‌وه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه و له ئه‌نجامدا بۆمبه‌كه به‌خۆیدا ته‌قیوه‌ته‌وه و به گوته‌ی پۆلیس، كه‌سه‌كه هه‌ر دوو قاچی خۆی له‌ده‌ستداوه. پۆلیس ده‌ڵێت ئه‌م پیاوه ناسنامه‌یه‌كی ئێرانی پێبووه.
وه‌زیری به‌رگریی ئیسرایل له‌مباره‌یه‌وه گوتوویه‌تی \"ئه‌م ته‌قینه‌وانه جارێكی دیكه سه‌لماندی كه ئێران و تاقمه‌كانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی، به‌رده‌وامن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.\""
ته‌قینه‌وه‌كانی بانكۆك رۆژێك دوای ئه‌وه روویدا كه له هیندستان و جۆرجیا هێرش كرایه سه‌ر دیپلۆماتكاره‌كانی ئیسرایل و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرایل، كۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی به ئه‌نجامدانی ئه‌م هێرشانه تۆمه‌تبار كرد.
به‌پێی راپۆرتی بی بی سی، پێشتر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له بانكۆك پۆلیسی له ئه‌گه‌ری روودانی هێرشی تیرۆریستی ئاگادار كردبووه‌وه و دوابه‌دوای ئاگادارییه‌كه‌ی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، پۆلیس پیاوێكی لوبنانیی ده‌ستگیر كرد كه بڕێك مادده‌ی كیمیایی پێ‌بوو كه بۆ دروست كردنی بۆمب به‌كار ده‌هێنرێت."
