سعوودیە پرۆژەبڕیارێك لەبارەى سووریاوە دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان

سعوودیە پرۆژەبڕیارێك لەبارەى سووریاوە دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان
بەپێى چەند سەرچاوەیەكى دیبلۆماسى، عەرەبستانى سعوودى دوێنی هەینى پرۆژەبڕیارێكی بەسەر ئەندامانى كۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەكگرتووەكاندا دابەش كردووە، كە پشتیوانى لە دەستپێشخەرییە عەرەبییەكە بۆ چارەسەرى تەنگژەى سووریا دەكا. رۆیتەرز گواسیتەوە.

پرۆژەكەى سعوودیە دواى ئەوە دێ سەرەتاى هەفتەى رابردوو بەهۆى ڤیتۆى رووسیا و چینەوە ئەنجوومەنى ئاسایش نەیتوانى سەركۆنەى توندوتیژییەكانى دیمەشق و پاڵپشتى لە دەستپێشخەرییەكەى وڵاتانى عەرەبی بۆ چارەسەرى تەنگژەى ئەو وڵاتە بكا، كە تائێستە زیاتر لە 5 هەزار كەسى تێدا كوژراوە.

پرۆژەكەى سعوودیە \"پشتیوانیى تەواو\"" لە پرۆژە عەرەبییەكە دەكا، كە یەكێك لە خاڵەكانى بریتى بوو لەوەى بەشار ئەسەدى سەرۆكى سووریا دەسەڵاتەكانى بۆ جێگرەكەى بگوێزێتەوە و حكوومەتێكى یەكێتیى نیشتمانى بە بەشداریى ئۆپۆزسیۆن پێك بێ و زەوینە بۆ هەڵبژاردنێكى گشتى ساز بكا.

لە كۆمەڵەى گشتیدا مافى ڤیتۆ نییە، هاوكات بڕیارەكانى كۆمەڵەكەیش كە 193 وڵات تێیدا ئەندامن، وەك بڕیارەكانى ئەنجوومەنى ئاسایش هێزێكى یاسایى نییە، بەڵام پەسەندكردنى رەشنووسەكە لە كۆمەڵەى گشتیدا پاڵەپەستۆكانى سەر ئەسەد و رێژیمەكەى زیاتر دەكا.

بڕیارە دووشەمى داهاتوو كۆمەڵەى گشتى لە كۆبوونەوەیەكدا دۆخى سووریا تاوتوێ بكا و نافى بیلاى كۆمسیارى باڵاى نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانى مرۆڤ وتارێكى تێدا پێشكێش بكا."
Top