ڕژێمی سووریا، لە بەیانییەوە حمس بۆردومان دەكات

ڕژێمی سووریا، لە بەیانییەوە حمس بۆردومان دەكات
تەیارە و تۆپ و تانكەكانی سووریا لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە بە خەستی تۆپبارانی چەند گەڕەكێکی شاری حمسی دەست پێ كردووە و، تا ئێستا زیاتر لە ١٥ كەس كوژراون. ئەم بۆردومانە دوای ئەوە دێت كە شەوی ڕابردوو لە پێكدادانی نێوان شۆڕشگێڕان و سوپای سووریادا 43 كەس كوژراون.
وەك ئەوەی كە كەناڵی \"ئەلجەزیرە\"" دەیگوازێتەوە و دیمەنی بۆردومان و تۆپبارانەكە ڕاستەخۆ نیشان دەدات، دوكەڵی ئەو جێیانەی كە بۆردوومان دەكرێن، ئاسمانەكەی تەماویی كردووە.

ئەندامی دەستەی گشتیی شۆڕی سووریا، هادی عەبدوڵڵا، ڕایگەیاند \""ئەمە ئەو سیاسەتەیە كە ڕووسیا و چین داكۆكیی لێ دەكەن كە چۆن بە بەرچاوی دنیاوە، ڕژێمی سووریا بە تۆپ و تانك بەر بووەتە گیانی هاووڵاتیانی و لێیان دەكوژێت.\""

لیژنەی هەماهەنگیی شۆڕشی سووریایی لە دەڤەرەكە بە \""جەزیرە\""ـی ڕایگەیاندووە كە بە هۆی بۆردومانەکەی ئەم بەیانییەوە زیاتر لە ١٥ کەس لە حمس كوژراون و ٣ـی دیکەیش لە حەلەب و هەروەها گوتی كە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە تەنیا لە حمس 300 كەس كوژراون.

هادی عەبدوڵڵا، هەروەها گوتی كە بە هۆی ئەم بۆردوومانە یەك بە دوای یەكانەوە ترسو دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای دانیشتووانی باباعەمروی حمس چاندووە.

ئەو گوتی كە بێجگە لە باباعەمرو 12 شوێنی دیكەی حمس بۆردومان دەكرێن و لە هەموویاندا كوژراو و بریندار هەیە."
Top