رووسیا هه‌ر بڕیارێك ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، دژ به حكوومه‌تی (ئه‌سه‌د) بێت
جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا (گینادی گاتیلۆڤ) جارێكی دیكه دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌ته‌كه‌ی له دژی هه‌ر بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ده‌وه‌ستێته‌وه كه سزا بخاته سه‌ر حكوومه‌تی (به‌شار ئه‌سه‌د).
(گاتیلۆڤ) سه‌باره‌ت به دانیشتنی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی سووریا، به میدیاكانی گوتووه رووسیا ئه‌م جۆره بڕیارانه به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی سووریا ده‌زانێت و بۆیه دژایه‌تی ده‌كات.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه، رووسیا داوای له حكوومه‌تی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئه‌و وڵاته كردووه بۆ دانوستان و كۆتایی‌هێنان به توندوتیژییه‌كان له مۆسكۆ گفتوگۆ بكه‌ن. ئه‌م پێشنیاره‌ی رووسیا له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوه ره‌ت كراوه‌ته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر داوای كۆمكاری عه‌ره‌بی، ئه‌مڕۆ بۆ په‌سندكردنی پێشنیاره‌كه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی (به‌شار ئه‌سه‌د) له ده‌سته‌ڵات، كۆ ده‌بێته‌وه.
