پەرلەمانى ئێران رەشنووسى بڕیارى راگرتنى هەناردەى نەوت بۆ ئەوروپاى ئامادە كرد
ناسر سودانى جێگرى سەرۆكى كۆمسیۆنى وزە لە پەرلەمانى ئێران راى گەیاند \"بڕیارێكى 4 خاڵى ئامادە كراوە كە یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانى ئەوە رادەگەیەنێ كە ئێران تا ئەو كاتەى وڵاتانى ئەوروپایی كۆتاى بە گەمارۆى نەوتى وڵاتەكەمان دەهێنن، هەموو جۆرە هەناردەیەكى نەوت بۆ ئەو وڵاتانە رادەگرین\""، ئاژانسى دەنگوباسى (فارس)ى ئێرانى ئەم هەواڵەى گواستەوە.
زیاتر گوتى \""ژمارەیەك لە نوێنەرانى پەرلەمانى ئێران پێیان وایە كە دەبێ بۆ ماوەى 5 ساڵ نەوت هەناردەى وڵاتانى ئەندام لە یەكەتیی ئەوروپا نەكەن\"".
سودانى راى گەیاند \""یەكێك لە خاڵەكانى ئەم بڕیارە حكوومەتى ئێران ناچار دەكا هەرجۆرە هاوردەیەكى شتومەك لەو وڵاتانەى گەمارۆیان خستووەتە سەر ئێران، بێتە راگرتن\""، بەپێى هەمان سەرچاوە.
ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.
یەكەتیی ئەوروپا رۆژى دووشەمى رابردوو لە برۆكسێل كۆبوونەوەیەكى ساز كرد و تێیدا بڕیارى گەمارۆخستنە سەر هاوردەكردنى نەوتى ئێران و بانكى ناوەندیی ئێرانى دەركرد."
