باراك ئۆباما: دەكرێ پرسى ناوكەییی ئێران لە رێگەى ئاشتییانە بێتە چارەسەركردن
سەرۆكى ئەمەریكا شەوى رابردوو لە 3ەمین وتارى ساڵانەى خۆیدا لە كۆبوونەوەى هاوبەشى كۆنگرێس وتەیەكى پێشكێش كرد و تێیدا ئاماژەى بە چەند پرسى گرینگ كرد كە یەك لەو پرسانە تایبەت بوو بە بەرنامەى ناوكەییی ئێرانەوە، تۆڕى دەنگوباسى (ڤى ئۆ ئەى)ئەمەریكایی ئەم هەواڵەى گواستەوە.
ئۆباما لەبارەى بەرنامەى ناوكەییی ئێرانەوە راى گەیاند \"لە رێگەى دیپلۆماسییەوە ئەو دنیای كە لەبارەى چۆنیەتى هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ئێراندا دابەش بووبوو، ئێستە یەكگرتوون. رژێمى ئێران تەنیا تر لە هەمیشەیە و بەرپرسانى ئەو وڵاتە رووبەڕووى گەمارۆى توند بوونەتەوە\"".
زیاتر گوتى \""تا ئەو كاتەى بەرپرسانى ئێران بەرپرسانە نەجوڵێنەوە، ئەم گەمارۆیانە بەردەوام دەبێ. ئەمەریكا سوورە لەوەى رێگە نەدا ئێران دەستى بە چەكى ناوكەیی بگا و بۆ ئەوەش هەموو رێگەیەك دەگرێتە بەر، بەڵام تا ئێستە دەكرێ ئەو پرسە لە رێگەى ئاشتییانە بێتە چارەسەركردن و ئەم رێگەیەش باشترە\"".
سەرۆكى ئەمەریكا راى گەیاند \""ئەگەر ئێران رێگەى خۆى بگۆڕێ و پابەندى رێككەوتنەكان بێ، دەتوانێ بۆ جارێكى تر بێتەوە ریزى كۆمەڵەى ناودەوڵەتى\""، ئەمەش بەپێى هەمان سەرچاوە.
ئەمەریكا و وڵاتانى ئەوروپایی لە بەرنامەى ناوكەییی ئێران بەگومانن و تا ئێستە چەندان گەمارۆ دژى ئەو وڵاتە دەركراوە، بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە رەت دەكاتەوە و بەردەوام دووپات لە ئاشتیخوازیى بەرنامەى ناوكەییی خۆى دەكاتەوە.
گەمارۆكان دژى ئێران بەم دوایییە زیاتر كران و رۆژى دووشەمى رابردوو وڵاتانى یەكەتیی ئەوروپا لە كۆبوونەوەى خۆیان لە برۆكسێل بڕیارى گەمارۆخستنە سەر كڕینى نەوتى ئێرانیان دەركرد.
ئێران پێشتر وریادارى ئەوەى دابوو بە گەمارۆخستنە سەر كەرتى نەوتى ئێران، گەرووى هورمز دادەخا و ئەمەش دڵەڕاوكەى وڵاتانى رۆئاواى لێ كەوتەوە، چون ئەو گەرووە یەكێك لە گرینكترین رێگەكانى گواستنەوەى نەوت بۆ وڵاتانى رۆئاوا."
