سەركردەیەكی ئیخوان موسلیمین بووە سەرۆكی ئەنجومەنی گەلی میسر
مەحموود ئەلسەقا، وەك بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرۆكایەتیی دانیشتنەكەی دوێنێ دووشەمی ئەنجوومەنی گەلی كرد، كە یەكەمین دانیشتنی ئەنجوومەنەكە بوو لە دوای شۆڕشی میسر، كە توانی كۆتا بە دەسەڵاتی 30 ساڵەی حوسنی موبارەك بێنێ.
لە دانیشتنەكەدا، سەعد كەتاتنی ئەمینداری گشتیی حزبی ئازادی و دادپەروەری (باڵی سیاسیی ئیخوان موسلیمنین) لە كۆی 496 دەنگ 399 دەنگی بەدەست هێنا و بووە سەرۆكی ئەنجوومەنی گەلی میسر.
عیسام سوڵتان جێـگری سەرۆكی پارتی وەسەتی ئیسلامی، كە نێزیكترین ركابەری كەتاتنی بوو، 87 دەنگی بەدەسـت هێنا و بەدوایدا یووسف ئەلبەدری ئەندامی گەنجی ئەنجوومەن تەنیا 10 دەنگی هێنا.
پاشـان كەتاتنی گوتەیەكی پـێشـكێش كرد و تیایدا جەختی كردەوە سەر بەردەوامبوونی كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی شۆڕشەكە و بەڵێنی دا دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەكەدا ڕیشەكێش بكات و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بۆ میسریـیەكان دابین بكات.
هەروەها سوپاسی سوپای وڵاتەكە و ئەنجوومەنی باڵای سەربازیی میسری كرد، سەرەڕای ڕوودانی چەند هەڵەیەك، بە گوتەی خۆی.
"
