کوردستان و پێویستیی ستراتیژیی ئامادەبوون
کوردستان بهقۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت, قۆناغێک کە تەنها بە هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ئەمڕۆ ناتوانرێت داهاتووی تێدا بخوێندرێتەوە, ناوچەکە بە خێرایی دەگۆڕێت، هاوسەنگیی هێزەکان دەگۆڕێت و شێوازی ملمێلانێ و جەنگیش لە بنەڕەتدا گۆڕاوە.
بۆیە پرسیاری سەرەکی بۆ کوردستان نابێت تەنها ئەوە بێت کە ئێستا چی ڕوودەدات؟
پرسیاری ستراتیژی ئەوەیە (ئەگەر سبەی هاوسەنگیی هێزەکان بگۆڕێت، کوردستان چەند ئامادەیە بۆ پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی؟)
ئەم پرسیارە دەبێت ببێتە دەستپێکی بیرکردنەوەیەکی نوێ.
١- ئاسایش دەبێت لە «وەڵامدانەوە» بگوازرێتەوە بۆ «پێشبینیکردن»
سیستەمی ئاسایشی بەهێز ئەوە نییە کە دوای ڕوودانی مەترسی وەڵام بداتەوە, بەڵکو ئەوەیە مەترسی پێش ڕوودان بناسێتەوە, کوردستان پێویستی بە سیستەمێکی پێشبینیکردنی مەترسی هەیە, سیستەمێک کە ( زانیاری، چاودێری، تەکنەلۆژیا, هەواڵگری ) بە یەکەوە ببەستێتەوە.
( ئەوەی مەترسی زووتر ببینێت، نیوەی ڕێگای بەرگریی بڕیوە)
٢- پێشمەرگە دەبێت بۆ جەنگی سەدەی بیستویەکەم ئامادە بکرێت
مێژووی پێشمەرگە پڕە لە قارەمانێتی و نهبهردی، بەڵام داهاتوو تەنها بە قارەمانی پارێزراو نابێت,
پێشمەرگەی داهاتوو دەبێت لەگەڵ ( تەکنەلۆژیا، زانیاری، سیستەمی فەرماندەیی، چاودێریی ئاسمان و شێوازی نوێی جەنگ ) هاوتا بێت, گرنگتر لە هەموویان، یەکگرتووییی دامەزراوەیی و نیشتمانیی هێزەکانە, هێزی پێشمەرگە کاتێک زۆرترین توانای خۆی دەردەخات کە لە خزمەتی نیشتماندا یەکگرتوو بێت.
٣- زانیاری، چەکی بێدەنگیی سەردەمەکەیە
لە جەنگی نوێدا پێش ئەوەی مووشەک بگات، زانیاری دەگات, بۆیە کوردستان نابێت تەنها لە چەک و هێزدا وەبەرهێنان بکات, دەبێت لە ( مرۆڤی شارەزا، زانیاری، هەواڵگری، تەکنەلۆژیا, ئاسایشی سایبەریی) وەبەرهێنان بکات, ئەو گەلەی زانیاریی خۆی لەدەست بدات، بەشێک لە توانای بڕیاردانی خۆشی لەدەست دەدات.
٤- ئابووری، پشتی سەربازییە
هیچ ستراتیژییەکی سەربازی لەسەر ئابوورییهكی لاواز درێژخایەن نابێت.
کوردستان دەبێت وابەستەییی زۆری بەنەوت کەم بکاتەوە, ئابوورییەکی بەرهەمهێن و جۆراوجۆر دروست بکات, چونکە ( کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، بازرگانی, تەکنەلۆژیا ) تەنها پڕۆژەی گەشەپێدان نین، بەشێکن لە ئاسایشی نیشتمان.
٥- یەکگرتوویی، بەهێزترین دیواری کوردستانە
کوردستان ئەگەر لە ناوخۆدا دابەش بێت، هەر هێزێکی دەرەکی دەتوانێت لەو درزه کەڵک وەربگرێت.
جیاوازیی سیاسی دەتوانێت هەبێت، بەڵام لەسەر بابەتهنشتیمانیهكان، ئەمنی، خاک, داهاتووی کوردستان پێویستە هێڵی هاوبەش هەبێت.
٦- دیپلۆماسی دەبێت توانای کوردستان زیاد بکات، نە جێگەی توانای خۆی بگرێتەوە
کوردستان پێویستی بە پەیوەندییەکی زیرەک و هاوسەنگ لەگەڵ هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان هەیە.
هاوپەیمان گرنگە، بەڵام هیچ هاوپەیمانێک نابێت جێگرەوەی توانای خۆمان بێت.
پشتگیریی دەرەکی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت, بەڵام پاراستنی کوردستان لە کۆتاییدا دەبێت پشت بە توانای خۆی ببەستێت.
٧- ئامادەباشی دەبێت ببێتە کولتوور
کوردستان دەبێت پێش هەر قەیرانێک وەڵامی ئەم پرسیارانەی هەبێت:
ئەگەر شەڕ لە ناوچەکە فراوان بوو چی؟
ئەگەر ئابووری تووشی فشار بوو چی؟
ئەگەر ڕێگاکانی بازرگانی گۆڕان چی؟
ئەگەر هەڕەشەی ئاسمانی زیاد بوو چی؟
نیشتمانێکی ئامادە، نیشتمانێکە کە لە کاتی قەیراندا بڕیار نادات, بڕیارەکەی له پێش قەیران داوە.
کوردستان ئەمڕۆ تەنها پێویستی بەوە نییە کە ئەوەی هەیە بیپارێزێت, پێویستی بە دروستکردنی ئەو توانایە هەیە کە بتوانێت ئەوەی نییە بۆ داهاتوو دروستی بکات.
ئەمە بە دروشم و وشە ناکرێت.
بە دامەزراوەی بەهێز دەکرێت.
بە هێزی بەرگریی یەکگرتوو دەکرێت.
بە ئاسایشی پێشبینیکەر دەکرێت.
بە زانیاریی پیشەیی دەکرێت.
بە ئابووریی جۆراوجۆر دەکرێت.
بە دیپلۆماسیی هۆشیار دەکرێت.
لە هەموویان گرنگتر، بە بیرکردنەوەیەکی درێژخایەنی نیشتمانی دەکرێت.
لە جیهانێکدا کە هاوسەنگیی هێزەکان هەموو ڕۆژێک دەگۆڕێت، یەک ڕاستی هەمیشە ههیه,
( ئەو گەلەی خۆی بۆ داهاتوو ئامادە نەکات، داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدات )

ئـــهحــمــهد گـــلــی