نیشتمانسازی، لە بونیادنانی خاکەوە بۆ بونیادنانی مرۆڤ
نیشتمانسازی بریتییە لە پرۆسەی ئاوەدانکردن و بونیادنانی نیشتمان، بە مەبەستی دەستەبەرکردن و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە، لە ژینگە و کەشێکی تەندروست و ئارامدا.
باشووری کوردستان وەک نیشتمان، خاوەنی یەکەیەکی جوگرافی ـ سیاسییە کە لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت. هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسییەکەی پشت بە گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەلایەن دەبەستێت، و بە شێوەیەکی حەکیمانە هەوڵی پاراستنی کەلتووری نیشتمانی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەدات. هەروەها هەوڵ دەدرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت، کە ئەمەش بۆ کۆمەڵگەی کوردستان پێویستییەکی ڕاستەقینەیە.
سیستەمی نیشتمانسازی پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بەهای ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی. ئەمەش کاتێک دەستەبەر دەبێت کە ئێمە کار لەسەر بەهێزکردنی چەمکە سەرەکییەکانی مرۆڤسازی بکەین. بۆ گەیشتن بە پرۆسەیەکی سەرکەوتووی نیشتمانسازی، پێویستە گرنگییەکی تایبەت بە مرۆڤسازی و پەروەردەکردنی تاک بدرێت، بە شێوەیەکی زانستی و لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
لە ڕێگەی پرۆسەی مرۆڤسازییەوە، وەرچەرخانێکی گرنگ لە بەهێزبوونی متمانە، دروستبوونی ئینتیما و نوێبوونەوەی خۆشەویستی نیشتمانی لەناو نەوەی ئێستا و داهاتوودا ڕوودەدات. بۆیە پێویستە بەهاکانی نیشتیمان و مرۆڤسازی بەرز ڕابگیرێن، تا پرۆژەی نیشتمانسازی بتوانێت بە سەرکەوتوویی بگاتە ئەنجام.
خێزان، قوتابخانە، زانکۆ، ڕاگەیاندن و دامەزراوە میدیاییەکان، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بونیاد بنرێن و ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن، دەتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنی و بنەڕەتی لە پرۆسەی مرۆڤسازی و نیشتمانسازی هەبێت.
لە کۆتاییدا، پابەندبوون بە پرەنسیپە ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسییەکان، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی بەهێزکردنی پرۆسەی نیشتمانسازی. نیشتمانسازی تەنها بونیادنانی دامەزراوە و ژێرخان نییە؛ بەڵکو بونیادنانی مرۆڤێکی بەرپرسیار، هۆشیار و دڵسۆزە بۆ نیشتمان و کۆمەڵگە.
یاساناس و چالاکوان

نازەنین عەزیز