کەرتی مۆدێلینگ لە کوردستان؛ لە فەوزای سۆشیاڵ میدیاوە بۆ پێویستیی ڕێکخستنی یاسایی
مۆدێلینگ یان نمایشکاری، لە جیهانی مۆدێرندا تەنها دەرکەوتنێکی سادەی سەر شاشەکان نییە، بەڵکو بڕبڕەی پشتی پیشەسازیی فاشیۆن، جوانکاری و کەرتی ڕیکلامی بازرگانییە. مۆدێلەکان(چ کچە مۆدێل و چ کوڕە مۆدێل ) ئەو کەسانەن کە بە شێوەیەکی پیشەیی کاردەکەن، کە ئەرکی سەرەکییان پیشاندان و برەودانە بە بەرهەم و کاڵا بازرگانییەکان بەتایبەتی بەرهەم و کاڵای ناوخۆیی وپاشان براندە جیهانیەکان.
لە جیهاندا وەرگرتنی مۆدێلەکان پڕۆسەیەکی توندە و شێوازی بەڕێوەبردن لە ڕێگەی ئاژانسە فەرمییەکان و تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆ دەبێت لەلایەی دیزاینەران و پسپۆرانی تایبەتەوە، بە پێی پێوەری ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ نموونە؛ مۆدێلی سەر ستەیج پێویستی بە باڵایەکی دیاریکراو هەیە لەگەڵ جەستەیەکی ڕێک و باریک، مۆدێلی فۆتۆگرافی و ڕیکلام زیاتر پشت بە سەرنجڕاکێشی سیما و توانای گوزارشتکردنی دەموچاو دەبەستێت ، مۆدێلی قەبارە گەورە گرنگی بە نوێنەرایەتیکردنی جەستە پڕەکان دەدات لە کۆمەڵگادا. سەرچاوەی کاری نمایشی جیهانی، گۆڤارە مۆدەکان و براندە جیهانییەکانن،هەروا دیدگای کۆمەڵگا وەک پیشەیەکی فەرمی، ئەکادیمی و سەربەخۆ هەژماری دەکەن.
لە وڵاتانی پێشەنگی وەک فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا، مۆدێلینگ وەک پیشەیەکی فەرمی و یاسایی سەیر دەکرێت. ئاژانسەکانی ریکلام ناتوانن بێ مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی کار یا ڕۆشنبیری ئیشیان پێبکەن ، بەڵکودەبێت بارمتەی دارایی لە بانک دابنێن بۆ گرەنتیی مافی مۆدێلیستەکان، تەنانەت یاسای توند بۆ پاراستنی تەمەنی نەوجەوانان و یاسای تەندروستی وجێبەجێ کردنی کۆمەڵێک ڕێنمایی دیاریکراو.
لە هەرێمی کوردستاندا واقیعەکە جیاوازە، لەگەڵ ئەوەی گەشەکردنێکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام بەبێ هیچ پێوەرێکی زانستی،تەندروستی و کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی هەرەمەکی پەرەی سەندوە ، زیاتر پشت بە ناوبانگ و ڕێژەی کارلێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت.سەرچاوەی کاریان سنووردارە لە بیوتی سەنتەر، کلینیکەکان و ڕیکلامی سۆشیاڵ میدیادا قەتیسماوە.
لە هەمان کاتدا زۆربەی مۆدێلەکان بە شێوازی سەربەخۆ و کار دەکەن،( بنەما و ئاستی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیان لاوازە) ، ئەمەش وایکردووە کەرتی مۆدێلینگ لە کوردستان لە نێوان کرانەوەیەکی خێرا و فەوزایەکی ناڕێکخراودا ڕووبەڕووی چەندین ئالۆزی وململانێ ودووبەرەکی بۆتەوە،بەهۆی کەلێنی یاسایی ونەبوونی چوارچێوە یا سیستەمێکی ڕێکخراو.
بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەم دۆخە لە ئێستادا پێشنیاری چارەسەرکراوئەوەیە ،لەبەر ئەوەی پیشەیەکی جیهانییە ناکرێت ڕێگری لێبکرێت بەڵکو دەبێت کۆبکرێتەوە و ڕێکبخرێتەوە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ،کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی ،گونجاوترین دامەزراوەن کە دەتوانن لە ڕێگەی دەرکردنی "ڕێنمایی ناوخۆیی فەرمی"یەوە ئەم کەرتە ڕێکبخەنەوەوە. سیستەمێکی تۆمارکردن و مۆڵەتدان بۆ ئاژانسەکان دابنێت و پەیڕەویی "گرێبەستی ستاندارد" بکات، کە تێیدا مافی دارایی گەنجان، کاتی کارکردنی ڕۆژانە و مافی خاوەندارێتی وێنەکان بە ڕوونی دیاری بکرێن. هاوکات، دەکرێت مەرجی یاسایی توند دابنرێت بۆ پاراستنی ژینگەی کارکردنی مۆدێلەکان لە هەر جۆرە پێشێلکاری و گێچەڵێک، لەگەڵ پاراستنی پرۆسەی خوێندنی نەوجەوانان.
جگە لە پاراستنی مافی مۆدێلەکان، ڕێکخستنەوەی ئەم بوارە لەم لایەنە پەیوەندیدارانە دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی "ڕیکلامێکی تەندروست" لە کۆمەڵگادا. بە ناچارکردنی براندەکان بە ئاشکراکردنی دەستکارییە فۆتۆشۆپییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی گرێی دەروونی لە لای گەنجان، قەدەغەکردنی ڕیکلامی دەرمان و کەرەستە پزیشکییە نەسەلمێنراوەکان، و هاندانی جیاوازییەکانی جەستە؛ دەتوانرێت ڕێگری لە سەپاندنی جوانیی دەستکرد بکرێت.
لە کۆتاییدا، هەنگاوێکی لەم شێوەیە ، تێچووی دارایی بۆ حکومەت نابێت، بەڵکو کەرتی مۆدێلینگ لە هۆبییەکی هەڕەمەکیی سۆشیاڵ میدیاوە دەگۆڕێت بۆ کەرتێکی ئابووریی فەرمی، ڕێز لێگیراو و پارێزراو کە هەم کەرامەت و مافەکان دەپارێزێت و هەم متمانەی بازاڕ و براندە ناوخۆییەکانیش بەرز دەکاتەوە.

کۆسار کەریم ڕۆژ