ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هەماهەنگیی یاسایی و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لەگەڵ د. فەرهاد ئەترۆشی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر بەهێزکردنی هەماهەنگیی یاسایی و دامەزراوەیی لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ، پابەندییە نیشتیمانی و نێودەڵەتییەکان و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان کرد.
د. زێباری ئەرک و کاری نووسینگەکەی و ڕۆڵی لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان، ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکان و هەماهەنگیی زانیاری لەنێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
هەروەها جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران و لیژنە پەرلەمانییە پەیوەندیدارەکان، بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێم، کردەوە و گرنگیی هەماهەنگیی پێشوەختە لە دۆسیە یاسایی و پابەندییە نێودەڵەتییەکان خستەڕوو.
لە لایەنی خۆیەوە، د. فەرهاد ئەترۆشی گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و حکومەتی هەرێمی کوردستان دانا و ئامادەیی خۆی بۆ بەردەوامکردنی هاوکاری دەربڕی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا جەختیان لە بەردەوامکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان کردەوە.
