شۆڕشى ئەیلوول ، قەڵغانى شوناسى نەتەوەیی ونیشتیمانى گەلى کوردستان بوو

شۆڕشى ئەیلوول ، قەڵغانى شوناسى نەتەوەیی ونیشتیمانى گەلى کوردستان بوو



شۆڕشى ئەیلوول بە ڕابەرایەتى باوکى ڕۆحى نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانى ، بە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین شۆڕشەکانى گەلى کورد لە مێژوودا هەژمار دەکرێت ، شۆڕشێک بوو لە پێناو پاراستنى شوناسى نەتەوەیی و نیشتیمانى بۆ گەلى کورد ، شۆڕشێک بووە وەرچەرخانێکى مێژوویی وشۆڕشێکى سەرتاسەرى بۆ کورد وکوردستان
شۆڕشێک کەتەنها بۆ بەرگریکردن لە دۆزى نەتەوەى کورد، وەک گەلێکى ستەملێکراو بەڵکو پارێزەرى و داکۆکیکار لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی وئایین و ئایینزاکان و هەموو بیروباوەرە جیاوازەکان و وەک ڕەشماڵێکى نەتەوەیی بۆ هەر چوارپارچەى کوردستان . هەلگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول لە رۆژى 11ى ئەیلوولى 1961 ، شریخەى چەکى پێشمەرگەى کوردستان تەقییەوە ، بەڵام لە قووڵایی ناخی بوونى خۆیدا ، شۆڕشێکى دیموکراسیخوازە و ڕەنگ و دەنگى هەمووان بوو .
لە ڕاستیدا شۆڕشى ئەیلوول ، بەرابەرایەتى بارزانى نەمر ، ڕەنگدانەوەى ڕۆحى ڕاستەقینەى کوردوکوردستان بوو ؛ نیشتیمانێک لە زۆر لەمێژە ، ناوەندێکى پێکەوەژیانى ئاشتیانە و پێکەوە هەڵکردن بووە ، هەر بۆیە وێراى تێپەڕێنى 65 ساڵ ، تا ئێستاش خاوەنى گرنگییە و دەتوانێ لەگەڵ پێوانە هەر نوێیەکانى قۆناغى ئێستا ، لەڕووى پێکەوە هەڵکردن و دیموکراسىی، بێتەوە و ، مایەى ستایش و ئیلهام لێوەرگرتن
شۆڕشى ئەیلوول ، بە ڕابەرایەتیی و ناسنامەى نەتەوەیی کورد و سەرکردەى بزاڤى رزگاریخوازى کوردستان مستەفا بارزانى، سەلماندى کە خەڵک وئازادیخوازانى کوردستان هەرگیز خۆیان بۆ هیچ دوژمنان داگیرکەرێک ناچەمێنن و سازش لە سەر مافەرەواکانیان ناکەن ، ڕابەرى شۆڕش بۆ هەموو دونیایی سەلماند کە جگە لە بەدیهێنانى مافەکانى گەلى کوردستان ، چاوى لە ماف و خاکى هیچ گەل و نەتەوەیەکى دیکە و بەرژوەندى کەسى و حزبى نییە , هەموو سەروەت و خواست و داواکارییەکانى خۆى کردووەتە قوربانى مافەکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەى
شۆڕشى ئەیلوول ، شۆڕشێکى گشتگیر و سەرانسەرى کوردستانى بووە ، هەر لە کەرکووکەوە تا زاخۆ ، خەڵک و پێشمەرگە دەست لە ناو دەست و بە هەموو چین و توێژ و بەبەشداریی پەیرەوانى هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکان و ئایین و ئایینزاکان ، چارەنووسى کوردستانیانى پێکەوە گرێدا و هەمووان بەوپەرى لەخۆبوردەییەوە هاتنە ڕیزەکانى شۆڕش و پشتیوانى پێشمەرگە و ڕابەر و سەرکردایەتییەکەى ،چون دڵنییا بوون کە چارەنووسییان لە دەستێکى ئەمین و ئەمەکدار و نەبەزیودایە
لە هەموو قۆناغەکانى دیکەى مێژووى ڕزگاریخوازى کوردستان ، شۆڕشى ئەیلوول ، وانەیەکى بەهێز وگرنگمان پێدەڵێتەوە، ئەویش کە پێکەوەیی و تەبایی و هەرکاتێک یەکدەنگ و پێکەوە بین ، ئەوە دەستکەوتى گەورە بەدەستهاتوون ، وەک چۆن بە یەکڕیزى وبۆ یەکەمینجار مافى ئۆتۆنۆمى بۆ خەڵکى کوردستان بە هۆى شۆڕشى ئەیلوولەوە بەدەستهات و بووە دانانى بەردى بناغەیەکى بەهێز بۆ هەموو دەستکەوتەکانى دیکە و هەموو ئەو دەستکەوتانەى ئەمڕۆش درێژکراوەى دەستکەوەکانى شۆڕشى ئەیلوولن
بۆیە ،شۆڕشىى ئەیلوول ، بووە قەڵغانى پارێزگاریکردن لە ناسنامەى نەتەوەیی و نیشتیمانى گەلى کوردستان ، شۆڕشى هەموو چین و توێژەکان بوو لە ژێر یەک ڕابەرایەتى و سەرکردایەتى هەمووانى بۆ یەک ئامانج کۆکردەوە . شۆڕشى ئەیلوول بە یەکێک لە سەختترین و دژوارترین قۆناغەکانى مێژوویی گەلى کورد و ناوچەکە هەژمار دەکرێت ، بە ئیرادەیەکى پۆڵاینەوە ڕووبەڕووى داگیرکەر و دوژمنان بووەوە . حکوومەتى ئەو کاتەى عێراقى ناچار کرد دان بە مافەکانى گەلى کوردستاندا بنێت و ببێتە بناغەیەک بۆ هەموو دەستکەوتەکانى دواتر . نموونەیەکى جوانترىن شۆڕش ئەوە بوو کە لە سەرکەوتندا لە خۆبایی نەبوو , بەڵکو سەرکەوتنى کردە دەرفەتێکى زیاتر بۆ گیانى لێبوردەیی و خەباتى هاوبەش و یەکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانیان
مێژوو پێمان دەڵێت، شۆڕشى ئەیلوول بۆ هەموو لایەکى سەلماند کە هیچ هێز وتوانایەکى سەربازى ناتوانێت ئیرادەى گەلى کوردستان بۆ ژیان وئازادى بشکێنێت . نهێنى و هێزى سەرکەوتنى شۆڕش ، تەبایی و یەکدەنگى و هەموو پێکهاتەکانى کوردستان بوو ، شۆڕشى ئەیلوول دەربڕى ئیرادەى خۆڕسک و ڕاستەقینەى گەلى کوردستان بووە ، بەهەموو جیاوازییە نەتەوەیی ئاین و ئایینزاکان, بەرجەستەبوونى ئەو ئیرادەیە لەناوچوارچێوەى شۆڕش دا ببووە ئەو یاسایانەى کە تەوەیەکى ئازاد ولەناو دەوڵەتێکى ئازاد دا دایدەرێژێت ، ئەمەیە نهێینى شۆڕشى ئەیلوول کە شۆڕشێک بووە تا هەم کوردستان خاوەن سەروەرى و دەوڵەت بێت هەمیشە تاکەکان شکۆ و مافەکانیان پارێزراو بێت و لە ناوچە ئازادکراوەکانى شۆڕشیشدال ، هەر لە زاخۆ تا خانەقین ، کەس نەیدەتوانى ستەم لە کەس بکات و مافى کەس پێشێڵ بکات ، شۆڕشێک تا ناو هەموو شۆرشەکانى گەلانى سەدەى بیستەمدا کە بڕواى بە لێبوردەیی و پێکەوەژیان هەبوو و لەهەمانکاتیشدا شۆڕشى ئەیلوول ،ببووە قەڵغانى شوناسى نەتەوەیی ونیشتیمانى گەلى کوردستان بوو

Top