برایەتی گەلان ؟؟؟
لە سیاسەتدا پرینسیپی برایەتی تەنها خەیاڵە ، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا داگیرکەری خاکی گەلانی دیکە بن ، گەلی سەردەست و دەستەبژێرە سیاسی ڕوشنبیرەکانی ، هەمیشە لە هەوڵی چەسپاندنی باڵادەستیدان لەهەمو ڕووێکەوە ، لە پێناوی لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلی ژێردەستەدا درێخی ناکەن ، بەڵام ئەوەی جێگای تێرامانە ، پەیدابون و سەرهەڵدانی ئاراستەی( لادەری چەواشەکارە) ، لە خودی ژینگەی کۆمەڵایەتی سیاسی گەلی داگیرکراو دایە.
گەلی کوردستان و بزووتنەوەی کوردایەتی چەندین ساڵە بەشێوەیەکی ڕێکخراو ، ڕووبەڕووی ئەو دیاردە قێزەوەنە بوتەوە ، بەڵام بەشيوەیەکی چڕتر دوای هاتنە کایەی ( پارتی کرێکارانی کوردستان ) و دامەزراندنی لق و پوپەکانی لە بەشەکانی کوردستاندا ، بەداخەوە وەک هێڵێکی هاوتەریب لە هەرێمی کوردستاندا ، لە ئەنجامی هەرەسی سیاسی و فیکری هەندێ لایەنی حزبی ، پەنایان بۆ هەمان تێزی (لادەری) یان بردووە، لە پێناوی دەستکەوتی دارایی و بەهێزکردنی پێگەی خۆسەپاندن ، چۆنکە لە ئاستی هەبونی ئامانجێکی پیروزدا کوڵیانداوە ، هاوشانی لایەنە نەیارەکان سەرگەرمی دژایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی و چاندنی توی یاخیبونی نەتەوایەتی و نیشتیمانین ، بەلکو بونەتە هۆکاری خورتبونی پیلانی شوڤینییەکانی بەغدا و ، دروستکردنی فشار و گرفت لەبەردەم پرۆسەی سیاسی و پێگەی هەرێمی کوردستاندا .
لێرەدا جێگای خۆیەتی ئەو پرسیارە ئاراستەی پەیرەوانی تێزی ( برایەتی گەلان و خۆ تواندنەوە لە بوتەی گەلی سەردەستدا ) بکەین ؛ ئاخو گەلانی سەردەست تا چ ڕادەیەک باوەریان بە یەکسانی مرۆڤ بونیان هەیە ؟؟ تا چ ڕادەیەک رێز لە یەکسانی خواستی نەتەوویی و نیشتیمانی گەلی کوردستان دەگرن ؟؟ ئایا ئامادەن هاوسەنگی ڕابگرن لە ئەرک و مافەکاندا ؟؟؟ ئایا ئامادەن لە عیراقدا رێز لەدەستور و سیستمی فیدڕاڵی بگرن و تەنانەت دەستبەرداری پرۆسەی نەگریسی تەعریب بن ؟؟

عارف روشدی*