هەندێک ڕووداوی مێژوویی هەن بە تەنیا لە لاپەڕەکانی کتێبدا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە بەشێک لە بیرەوەریی نەتەوەیەک
شۆڕشی ئەیلوول یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە لە مێژووی نوێی کوردستاندا شوێنێکی گرنگ و تایبەتی هەیە چونکە لەو قۆناغەدا کورد بە شێوەیەکی فراوانتر دەنگی خۆی بەرزوبڵند کردەوە و بۆ ماف و بوونی خۆی خەباتی کرد.
شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا بە سەرکردایەتی جەنەڕاڵی چیاکان مەلا مستەفا بارزانی نەمر و بە بەشداریی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بەردەوام بوو. ئەو شۆڕشە تەنها چیرۆکی جەنگ و پێشمەرگە نەبووەبەڵکوو لە پشتے ئەو خەباتەوە کۆمەڵێک خێزان هەبوون کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا ژیانیان بەردەوام دەکرد، ماڵ و زێدیان بەجێدەهێشت و بە هیواوە چاویان لە داهاتوویەکی گەش بووبۆکورد.
لەو مێژووەدا شاخەکانی کوردستان بوونە شاهیدی بەشێکی زۆر لە خەبات و خۆڕاگری. پێشمەرگەکان لەگەڵ سەختییەکانی ژیان وناڕەحەتییەکانی شەڕدا ڕووبەڕوو بوونەوە ، بەڵام خەڵکیش لە پشت ئەو خەباتەوە ڕاوەستان ئەم پەیوەندییەی نێوان خەڵک و شۆڕش یەکێک بوو لە هۆکارە گرنگەکانی بەردەوامبوونی ئەو قۆناغە.
بەڵام کاتێک باس لە شۆڕشی ئەیلوول دەکەین ، نابێت تەنها لە ڕووی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانەوە سەیری بکەین.بەڵکوو ئەو قۆناغە چیرۆکی ژیانی مرۆڤەکانیشە چیرۆکی دایکێکە کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەی بوو، منداڵێکە کە لە شاخەکانی کوردستاندا گەورە بوو، و خێزانێکە کە لەگەڵ ترس و ئاوارەیی و نەبوونی ئاسایشدا هیوای خۆی لەدەست نەدا.
لەوانەیە ئەمڕۆ زۆر شت لە ژیانی کۆمەڵگای کوردی گۆڕابێت، بەڵام پەیوەندیی ئێمە بە مێژوومان نابێت کۆتایی پێ بێت. نەوەی نوێ پێویستی بەوە هەیە مێژووی خۆی بزانێت نەک تەنها بۆ شانازی بە ڕابردوو، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وانە وەربگرێت.
شۆڕشی ئەیلوول، وەک هەر ڕووداوێکی گەورەی مێژوویی، پێویستی بە خوێندنەوەی هەموو لایەنەکانی هەیە. مێژوو تەنها بۆ باسکردنی ئەوە نییە کە چی ڕوویداوەوگرنگتر ئەوەیە بزانین بۆچی ڕوویداوە، خەڵک چ بەهایەکی بۆ داوە و ئێمە لە ئەو ئەزموونە چی فێر دەبین.
شۆڕشی ئەیلوول بۆ کورد تەنها ناوی مانگێک نییە. ناوی قۆناغێکە کە تێیدا خەڵک بە هیوای داهاتوویەکی گەش و درەوشاوەترو باشتر خەباتی کرد. ئەمڕۆیش باشترین شێوەی ڕێزگرتن لەو مێژووە، تەنها یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە بەڵکو پاراستنی مێژووو خوێندنەوەی ڕاست و لێکدانەوەی ئەو ئەزموونانەیە کە نەوەکانی پێشوو بە سەختی بەدەستیان هێناوە و ماندووبوون تاوەکو ئەم ڕۆژەوەدی هاتووە وەپێویستە پارێزگاری لێ بکرێت چونکە بەئاسانی بەدەست نەهاتووە ،
شۆڕشی ئەیلوول بەشێکە لە ڕابردووی کوردستانیان و خەڵکە خۆڕاگرو قوربانی دەرەکەی بەڵام پەیامەکەی تەنها بۆ ڕابردوو نییەبەڵکوو بۆ ئەمڕۆ و داهاتوویشە. چونکە گەلێک کە مێژووی خۆی دەناسێت، دەتوانێت داهاتووی خۆی بە هۆشیاریی زیاتر ەوە دروست بکات.

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی