د.بەهرام مەحموود ساڵح سەرۆكی بەشی زانستە ئابوورییەكان لە زانكۆی زاخۆ: بازگە ناوخۆیییەكان هۆكارن بۆ پەكخستنی جووڵەی بازرگانی و دروستبوونی دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستاندا
سیاسەتی ئابووریی هاوچەرخ لەسەر بنەمای ئاسانكاریی بازرگانی بنیاد دەنرێت، بەڵام بوونی بازگە گومرگییەكانی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كێشەیەكی پێكهاتەیی قورسە كە جووڵەی ئازادانەی كاڵاكان پەك دەخات و درزێكی قووڵی كۆمەڵایەتی لە نێوان شارەكاندا دروست دەكات. گواستنەوەی بەردەوامی كەلوپەل لە نێوان دهۆك، هەولێر و سلێمانی پێویستی بە لابردنی یەكجاریی ئەم كۆسپانە هەیە تا تێچووی گواستنەوە كەم بێتەوە و سووڕی ئابووری ناوخۆیی چالاك بێت. لە لایەكی دیكەوە، هەرێم لە پرسی گرنگی ئاسایشی خۆراكدا دەرفەتی باشی هەیە. بەرهەمهێنانی ساڵانەی گەنم نموونەیەكی دیاری سەركەوتووە، پێویستە ئەم ئەزموونە گرنگە بۆ سێكتەرەكانی دیكەش وەك سەوزە و میوە بگوازرێتەوە. بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، پێویستمان بە ستراتیژییەكی تۆكمە هەیە. بەرزكردنەوەی باجی سەر كاڵا هاوردەكراوە هاوشێوەكان تا ڕێژەی ٤٠٠٪، نرخی كاڵای دەرەكی زۆر گران دەكات و هاووڵاتیان بەرەو كڕینی بەرهەمی نیشتمانی ئاراستە دەكات. ئەم جۆرە سیاسەتە پاڵپشتی بەرهەمهێنەران دەكات تا كوالێتی بەرز بكەنەوە. لە كۆتاییدا، لابردنی بەربەستە ناوخۆییەكان و جێبەجێكردنی سیاسەتی پارێزگاری لە بەرهەمی نیشتمانی، دوو كۆڵەكەی سەرەكین بۆ بونیادنانی ئابوورییەكی سەقامگیر، بەهێز، سەربەخۆ و هاوچەرخ لەم قۆناغە تازەیەدا.
