د.بەشیر یوسف ئابووریناس و مامۆستا لە زانكۆی دهۆك: گەیشتن بە سەقامگیریی ئابووری و پاراستنی قەوارەی هەرێم پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و زانستی و نیشتمانی هەیە
پاراستنی قەوارەی فەرمی و دەستووریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەرجەم دەستكەوتە نیشتمانییەكان، بە تەواوی پەیوەستە بە بەدیهێنانی سەقامگیریی ئابووری و دابینكردنی بژێویی شایستە بۆ هاووڵاتیانەوە. ئەم ئەزموونە حوكمڕانییە لە دوای ساڵی ١٩٩٢ـەوە، بەردەوام ڕووبەڕووی شەڕی ئابووریی دەرەكی و كەموكووڕیی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی بووەتەوە. نەیاران لە ڕێگەی بڕینی شایستە داراییەكانەوە دەیانەوێت پێگەی سیاسیی هەرێم لاواز بكەن، چونكە بێگومان تەنگژەی دارایی و هەژاری كاریگەریی نەرێنیی زۆریان لەسەر هەستی نەتەوەیی هاووڵاتیان دەبێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە نالەبارە، پێویستە حكومەت لە سیستمی بازاڕی ئازاددا ڕۆڵی چاودێریی خۆی بگێڕێت، ڕێگری لە قۆرخكاری بكات، كوالێتیی سەرجەم كاڵاكان كۆنتڕۆڵ بكات و باجی دادپەروەرانە پەیڕەو بكات. سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتانی وەك كۆریای باشوور و دوبەی، لە پەرەپێدانی كشتوكاڵ و پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی، دەكرێت ببنە نموونەی سەركەوتوو بۆ بووژانەوەی ئابووریی نیشتمانی.
بنەمای سەرەكی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و یەكگرتووییەكی گشتگیرە. دابەشكردنی یەكسانی بارگرانییەكان لە كاتی تەنگانەدا، متمانەی هاووڵاتیان بە قەوارەكە زیاتر بەهێز دەكات. چونكە نوقمبوونی ئەم كەشتییە هاوبەشە زیانێكی گەورە بە سەرجەم پێكهاتەكان دەگەیەنێت. لە كۆتاییدا، گەیشتن بە سەقامگیریی ئابووریی درێژخایەن، پێویستی بە بڕیاری بوێرانە، زانستی و نیشتمانی هەیە، كە دوور بێت لە بەرژەوەندیی كاتی، یان حزبی. تەنیا بە یەكدەنگیی ڕاستەقینە دەتوانین بەسەر لێكەوتەكانی شەڕی ئابووریدا زاڵ بین و داهاتوویەكی گەشتر و بەهێزتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان بنیاد بنێین.
