فڵچەی ددانت هەر سێ مانگ جارێك بگۆڕە
بەگشتی پێویستە كە هەر سێ مانگ جارێك فڵچەی ددان بگۆڕیت، جا ئەگەر فڵچەی ئاسایی یان كارەبایی بێت، بەمە دڵنیا دەبیت كە فڵچەی ددان كاری دروستی خۆی دەكات لە لابردن، یان پاككردنەوەی پاشماوەكانی خۆراك و چینی نیشتووی سەر ددانەكان Plaque. كۆتایی تاڵەپلاستیكەكانی فڵچە پاش سێ مانگ لە بەكارهێنان زبر و خواردەبنەوە، یان تێك دەئاڵێن، كە لەوانەیە بە تێپەڕبوونی كات فڵچەكردنی ددانەكان بێ سوود بێت و پاشماوەكانی خۆراك و چینی نیشتووی سەر ددانەكان و پووك پاك نەكاتەوە، كە بریتییە لە چینێكی بێ ڕەنگی بەكتریا كە ئەگەر پاك نەكرێتەوە، ڕەق دەبێت و پێی دەگوترێت چینی تارتار Tartar كە بەكتریای زیانبەخش لەخۆدەگرێت و ڕەنگی ددانەكان دەگۆڕێت و هۆكارە بۆ هەوكردنی پووك و كلۆربوونی ددان. جگە لەمانە، كۆتایی تاڵەكانی فڵچەی كۆنی ددان بە تێپەڕبوونی كات گەلێك جۆری بەكتریا هەڵدگرن، كە لەوانەیە ببنە ئەگەری هەوكردنی دەم بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە بەرگریی لەشیان لاوازە.
