​لە داڕمانی خێزانەوە بۆ ئاوابوونی ویژدانی کۆمەڵگە

​لە داڕمانی خێزانەوە بۆ ئاوابوونی ویژدانی کۆمەڵگە

 


ڕۆژنامەنوس ( بڕیار جاف) بەسەرهاتی گەنجێکی کوردی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی خستە بەرچاوو بەناوی( ٲ ) لە سنوری گەرمیان . ئاگری سۆزو میهرەبانی لە دڵی مرۆڤە بەهەستەکاندا هەڵگیرسان،
سەرگەردانیی گەنجێکی تازە پێگەیشتوو لە کەشوهەوای ساردی پارک و سووچی مزگەوتەکاندا، سیستەمی ئەخلاقیی کۆمەڵگە و بنەماکانی پەروەردەی خێزانی دەخاتە بەردەم پرسیارێکی جدی و ئازار بەخشەوە. کاتێک گەنجێک لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەی و کێشەی نێوان دایک و باوکی، لەگەڵ مەرگی باوکیدا خۆی لەسەر شەقامەکان دەبینێتەوە، ئەمە تەنها کارەساتی ژیانی تاکێک نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ساردبوونی ویژدانی گشتی.

لە ڕابردوودا، بەسەرهاتی لەم شێوەیە وەک رووداوێکی ئێجگار نادر و نائاسایی لە کۆڕ و دیوەخانەکاندا باس دەکرا؛ کاتێک گوێبیستی سەرگەردانیی گەنجانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبووین، ئەوەمان وەک دەرئەنجامی فەرهەنگێک دەبینی کە هاوسەنگیی خێزانی تێدا تێکچووە. بەداخەوە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا، بەهۆی دابەزینی ئاستی بەرپرسیارێتیی هەندێک لە دایک و باوکان، ئەو دیاردە مەترسیدارە سەری هەڵداوە. ئەگەر ئەمڕۆ کوڕێک بەم شێوەیە ببێتە قوربانی، بە بێ‌دەنگبوونمان لە ئایندەیەکی نزیکدا هەمان مەترسی و هەڕەشە دەگەڕێتەوە بۆ سەر ژیان و داهاتووی کچانیش.

Top